هەڕەشەی ساختەی بۆمب بۆ 1,803 قوتابخانەی ئیتالیا نێردرا

بۆ دووەمین رۆژی بەردەوام، قوتابخانەکانی ئیتالیا ئیمەیڵی هەڕەشەی دانانی بۆمبیان پێگەیشت. بەپێی رویتەرز، ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی تشرینی دووەمی 2026، هەڕەشەکان بۆ 1,803 قوتابخانە نێردران. هەندێک قوتابخانە چۆڵ کران، لە هەندێکی دیکەش پشکنین لە کاتێکدا بەڕێوە چوو کە قوتابیان لە پۆلەکانیان مابوونەوە.

ئیمەیڵەکە بە ناونیشانی “پەیامێک لە ئیتالیا، ئێوە لە مەترسیدان” نێردراوە و وەک پەیامەکانی دوێنێ بە ناوی “میخائیل ئەندرۆپۆڤ” واژۆ کراوە.

نێرەرەکە بانگەشەی دانانی بۆمبی لە چەند شوێنێک، لەوانە نووسینگەی سەرۆکوەزیران، کردووە و داوای دەستلەکارکێشانەوەی جۆرجیا میلۆنی کردووە. هەمان پەیام لە چەند ناونیشانی ئیمەیڵەوە نێردراوە.

وەزارەتی پەروەردەی ئیتالیا رایگەیاند، چوارشەممە نزیکەی 6,300 قوتابخانە ئیمەیڵی هاوشێوەیان پێگەیشتبوو. ئەو هەڕەشانە بوونە هۆی چۆڵکردنی لانیکەم 300 قوتابخانە. میلۆنی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا وتی پشکنینە ئەمنییەکانی رۆژی چوارشەممە هیچ بەڵگەیەکیان بۆ بوونی مەترسییەکی راستەقینە نەدۆزییەوە.

دوای ئەو رووداوە، حکومەتی ئیتالیا رێنماییەکی بۆ قوتابخانەکان نارد. بەپێی رێنماییەکە، بڕیاری چۆڵکردنی بیناکان دەبێت لەسەر بنەمای بەڵگەیەکی دیاریکراو بۆ بوونی مەترسی بێت. دەسەڵاتدارانی ناوخۆ هێشتا دەتوانن بەپێی دۆخی هەر شوێنێک بڕیاری چۆڵکردن بدەن.