رەشنووسی بودجەی 2027: زیاتر لە 12.8 تریلیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان بە حەوت مەرج

رەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027، پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.7% لە خەرجییە جێبەجێکراوەکانی عێراق دیاری دەکات، دوای لێدەرکردنی خەرجییەکانی تایبەت بە ئەرکە گشتییەکانی دەوڵەت. بەپێی خشتەکانی رەشنووسەکە، بڕی پشکەکە 12 تریلیۆن و 859 ملیار و 389 ملیۆن دینارە. ناردنی ئەو پارەیە بە جێبەجێکردنی حەوت مەرج و پابەندییەوە بەستراوەتەوە.

رۆژنامەی ئەلمەدا، لە 12ی تشرینی دووەم وردەکارییەکانی رەشنووسەکەی بڵاوکردەوە. لە کۆی پشکی هەرێم، نزیکەی 12 تریلیۆن و 358 ملیار دینار بۆ مووچە و خەرجییەکانی دیکەی بەڕێوەبردن دانراوە. نزیکەی 501 ملیار دیناریش بۆ پڕۆژەکان تەرخان کراوە.

حەوت مەرجەکە چین؟

1-یەکلاییکردنەوەی بڕە پارە ماوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ساڵانی 2004 تا 2026، بە بڕی نۆ تریلیۆن و 329 ملیار دینار، لە ماوەی حەوت ساڵدا.

2-قەرزی هەرێم لای بانکی بازرگانیی عێراق و بانکە حکومی و تایبەتەکان، بە بڕی سێ تریلیۆن و 446 ملیار دینار، لە ساڵی 2027ەوە بە قیستی مانگانە لە پشکی هەرێم کەم بکرێتەوە. ماوەی دانەوەکە حەوت ساڵە.

3-هەرێم رۆژانە لانیکەم 445 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە بکات. ئەگەر هەناردەکردن نەکرا، ئەو بڕە نەوتە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکرێت.

4-هەرێم داهاتە نانەوتییەکانی رادەستی خەزێنەی گشتیی عێراق بکات. دەزگاکانی چاودێریی داراییی هەرێم و بەغداش مانگانە داهاتەکان بپشکنن.

5-هەرێم ئەو بڕە گازەی لە پێویستیی ناوخۆی زیاترە رادەستی حکوومەتی فیدراڵی بکات. ئەگەر گازەکە رادەست نەکرێت، بەهاکەی لە پشکی هەرێم کەم دەکرێتەوە.

6-گرێبەستەکانی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان بۆ وەبەرهێنان یان بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گاز، لە رێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە ببەسترێن.

7-وەزارەتی داراییی عێراق پشکی مانگانەی هەرێم بنێرێت، بە مەرجێک هەرێم پابەندییەکانی نەوت، داهاتی نانەوتی و قیستەکانی قەرزی بانکی بازرگانی جێبەجێ بکات. هەولێر و بەغداش هەر سێ مانگ جارێک بڕە پارە ماوەکانی نێوانیان یەکلا بکەنەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە پشکەکە بە 14.14% دیاری بکرێت، بە پشتبەستن بە ئەنجامی سەرژمێریی دانیشتووانی ساڵی 2024. دەنگدان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر رەشنووسەکە بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکان دواخراوە.