
زیاتر لە 10 ساڵ بوو، ناوچەی “جرف الصخر” لە باشووری بەغدا تەنها ناوچەیەکی جوگرافی دابڕاو و مەترسی نەبوو لەسەر نەخشەی عێراق، بەڵکو ببووە “سندووقێکی رەش” و ناوچەیەکی قەدەغەکراوى وا تەنانەت حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی بەغداش نەیاندەوێرا دەرگاکەی بکەنەوە. بەڵام لە دوو هەفتەی رابردوودا، هاوکێشە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق گۆڕانکارییەکی چاوەڕواننەکراویان بەخۆوە بینی، ململانێیەکی ئاشکرا و توند لە نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، و یەکێک لە بەهێزترین و توندترین گرووپە چەکدارەکان، کە “کەتائیبی حزبوڵڵا”یە، سەری هەڵدا.
پرسیارە گەورەکە لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئەم رووبەڕووبوونەوەیە دەبێتە سەرەتای کۆتاییهێنان بە دەوڵەتی قووڵی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، یان وەک زۆربەی قەیرانەکانی ترلە پشت پەردەوە بە سازشێکی سیاسی کۆتایی پێدێنن؟
چیرۆکی بەرمیلە نەوتە قاچاخەکان و شکاندنی تابۆکە
پریشکی ئەم قەیرانە نوێیە کاتێک هەڵگیرسا کە راپۆرتە هەواڵگرییە دزەپێکراوەکان پەردەیان لەسەر دۆسیەیەکی هەستیار لادا، ئەویش تۆمەتبارکردنی کەتائیبی حزبوڵڵا بوو بە دەرهێنان و بەقاچاخبردنی هەزاران بەرمیل نەوت لە ناوچەی جرف الصخر.
ئەم ناوچەیە کە لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە و دوای دەرکردنی داعش لەژێر کۆنترۆڵی رەهای ئەو گرووپەدایە و رێگە بە گەڕانەوەی دانیشتووانە رەسەنەکەی و تەنانەت هێزە فەرمییەکانی دەوڵەتیش نەدراوە بچنە ناوی.
ناردنی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە سەرۆکایەتیی دەستەی حەشدی شەعبی و دوور لە دەستوەردانی لایەنە سیاسییەکان بۆ ناو جەرگەی جرف الصخر، لەلایەن ناوەندە سیاسییەکانی بەغداوە بە “شکاندنی تابۆیەکی 10 ساڵە” وەسف دەکرێت. ئەم هەنگاوە تەنها پەیوەندی بە دزی و قاچاخچێتیی نەوتەوە نییە، بەڵکو پەیامێکی راستەوخۆی حکومەتە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو “ئیمپراتۆریەتە داراییە سێبەرە”ی کە گرووپە چەکدارەکان لە پاڵ بودجەی فەرمیی دەوڵەت (کە تەنها کەتائیب سێ لیوای لەناو حەشددا هەیە) بۆ خۆیان دروستیان کردووە.
سێبەری تاران و هاوکێشەی هێزی نوێ
بۆ تێگەیشتن لە قورسایی ئەم رووبەڕووبوونەوەیە، دەبێت ئاوڕ لە مێژوو و پێگەی کەتائیبی حزبوڵڵا بدرێتەوە، ئەو گرووپەی دوای ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ئەبو مەهدی موهەندیسەوە دامەزرا و بە “نووکی رمی” بەرەی نزیک لە ئێران و خاوەن جبەخانەیەکی گەورەی مووشەک و درۆن دادەنرێت. تا ماوەیەکی زۆر، وێنەیەکی چەسپاو لە سیاسەتی عێراقدا هەبوو: “هەر سەرۆکوەزیرانێک رووبەڕووی گرووپە چەکدارەکان ببێتەوە، لە دەسەڵات دووردەخرێتەوە.”
بەڵام شرۆڤەکاران پێیان وایە زەیدی توانیویەتی ئەم وێنە باوە بشکێنێت، ئەویش بە سوودوەرگرتن لە سێ فاکتەری سەرەکی:
یەکەم: پشتیوانیی نێودەوڵەتی ئەمریکا
لە کاتێکدا کە تاران لە ناوچەکەدا بە دۆخێکی سەخت و پڕ لە شڵەژاندا تێدەپەڕێت، واشنتن بە توندی پشتگیریی هەنگاوەکانی بەغدا دەکات بۆ سنووردارکردنی هەژموونی گرووپە چەکدارەکان.
دووەم: چەتری دەسەڵاتی دادوەری
بوونی پاڵپشتیی دادگا شەرعییەتێکی یاسایی بە جووڵەکانی زەیدی بەخشیوە و وای کردووە نەیارەکانی نەتوانن بە ئاسانی بە کودەتای سیاسی تۆمەتباری بکەن.
سێیەم: پاشەکشەی رۆڵی چوارچێوەی هەماهەنگی
ئەو هاوپەیمانییە شیعییەی کە پێشتر وەک ناوبژیوان و پارێزەری هاوسەنگی لە نێوان حکومەت و گرووپەکاندا رۆڵی دەبینی، ئێستا توانای کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی ململانێکانی لەدەست داوە.
دەرەنجامە چاوەڕوانکراوەکان: شەڕی ئیرادە یان سەودای سیاسی؟
سەرەڕای ئەوەی لە ئێستادا عەلی زەیدی لە پێگەیەکی بەهێزتردا دەردەکەوێت و تەنانەت بژاردەی “فشاری ئابووری” و بڕینی شادەمارە داراییەکانی بەکارهێناوە، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە لەسەر بوونی ستراتیژێکی درێژخایەنە.
پسپۆڕانی زانستە سیاسییەکان گومانیان هەیە لەوەی حکومەت خاوەنی نەخشەڕێگایەکی روون بێت بۆ چەکداماڵینی تەواوەتی (پلانی A و B)، بەڵکو پێیان وایە ئەم هەنگاوانە زیاتر تاکتیکین بۆ نمایشکردنی هێز و دروستکردنی فشار. لە دۆخێکدا کە دەوڵەت هێشتا بەدەست لاوازیی دامەزراوەییەوە دەناڵێنێت، گرووپە خاوەن چەکەکان خۆیان وەک “دەرەبەگی ئەمنی” دەبینن و بە ئاسانی دەستبەرداری پێگەکانیان نابن.
بەر لە کۆتایی
لە نێوان پێداگریی سەرۆکوەزیرانێک کە دەیەوێت شکۆی دەوڵەت بگەڕێنێتەوە، و گرووپێکی چەکدار کە بە درێژایی دوو دەیە لە سێبەری چەکدا فەرمانڕەوایی کردووە، عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە.
ئەگەرچی ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن کە ترس لە تەقینەوەی دۆخەکە هەردوولا ناچار بە “سەودایەکی سیاسیی بێدەنگ” بکات تا هیچ لایەکیان بە تەواوی نەدۆڕێن، بەڵام راستییەک ئیدی گۆڕانی بەسەردا نایەت، دەرگای قەڵای “جرف الصخر” کرایەوە، و مێژوو چاوەڕێیە بزانێت ئایا دەوڵەت دەتوانێت تێیدا بمێنێتەوە، یان جارێکی تر کلیلەکانی رادەستی چەکدارەکان دەکاتەوە.