
لە پشت زنجیرەچیای ئەزمەڕەوە، لە ساڵی 1784دا، بڕیارێکی مێژوویی نەخشەی سیاسی و شارستانیی ناوچەکەی بۆ هەمیشە گۆڕيی. کاتێک ئیبراهیم پاشای بابان بڕیاری دا پایتەختی میرنشینەکەی لە قەڵاچوالانەوە بگوازێتەوە بۆ دەشتی کاکی بە کاکیی سلێمانی، ئەو بەو بڕیارە گرنگەى تەنیا بەردی بناغەی شارێکی دانەنا، بەڵکو خەونێکی ستراتیژیی گەورەی کردە واقیع، پرسیارەکە ئەوەیە دوای 242 ساڵ ئایا ئامانجەکانى هاتوونەتنە دی؟
ئامانجە سەرەکییەکانی پشت دروستکردنی سلێمانی ئەمانە بوون:
قەڵغانێکی سروشتی لە دژی داگیرکاری
قەڵاچوالان بەردەوام لە بەردەم هەڕەشەی هێرشەکانی ئێرانى قاجاریدا بوو. گواستنەوەی پایتەخت بۆ پشت چیاکانی ئەزمەڕ و گۆیژە، وەک دروستکردنی قەڵایەکی سروشتیی تۆکمە بوو بۆ پاراستنی قەوارەی میرنشینەکە.
شکاندنی سنوورە تەسکەکان
میرنشینی بابان گەورە ببوو و چیتر دۆڵە تەسکەکەی قەڵاچوالان جێگای سوپا، بازاڕ و ئیدارەیەکی فراوانی نەدەبووەوە، دەشتی سلێمانی باشترین شوێن بوو بۆ لەدایکبوونی شارێکی گەورە.
بووژانەوەی ئابووری و بازرگانی
سلێمانی خرایە سەر شادەماری بازرگانیی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا، لەگەڵ خاکێکی بەپیت و ئاوێکی زۆر کە بووە هۆی گەشەسەندنی کشتوکاڵ و پیشەسازی.
نیشاندانی شکۆ و سەربەخۆیی
ئیبراهیم پاشا دەیویست پایتەختێک بنیات بنێت کە شایستەی شکۆی بابانەکان بێت و ناوی باوکی (سلێمان پاشا)ی لێ نا، وەک پەیامێک بۆ هێز و سەربەخۆیی.
ئێستا پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا ئەو ئامانجانەى ئیبراهیم پاشا وەدی هاتن؟
لە رووی سەربازی و سیاسییەوە
شارەکە بووەتە قەڵایەکی قایم بۆ بابانەکان و بۆ ماوەی زیاتر لە 60 ساڵ بووە مەڵبەندی دەسەڵاتێکی نیمچەسەربەخۆی بەهێز، تەنانەت دوای رووخانی میرنشینەکەش، سلێمانی وەک ناوەندی بەرگری و سەرهەڵدانە سیاسییەکان (وەک حکومەتەکەی شێخ مەحمود) ماوەتەوە، بەڵام لەم سەردەمەدا پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ ئەزمەڕ و گۆیژە رێگرن لە بەردەم دەسەڵاتى کۆمارى ئیسلامی ئێراندا.
لە رووی فراوانبوون و ئابوورییەوە
ئەو شارەی بە چەند گەڕەکێکی کەم دەستی پێ کرد، ئەمڕۆ یەکێکە لە گەورەترین و زیندووترین شارەکانی کوردستان و عێراق و ناوەندێکی گرنگی بازرگانی و پیشەسازییە، بەڵام لە سایەى دەسەڵاتى سەربەخۆیی کورد خۆیدا شارەکە جیاکاریی لەبارەوە کراوە و پشتگوێ خراوە.
پایتەختی رۆشنبیری
ئیبراهیم پاشا سلێمانیی بۆ ئەوە ئەم شارەى دروستکرد تا ببێتە پایتەختی سیاسی و سەربازی، بەڵام مێژوو رۆڵێکی باڵاتری پێ بەخشی، سلێمانی بووە لانکەی ئەدەب، هونەر، رۆژنامەگەری و بیری ئازاد، تا ئەو ئاستەی نازناوی، پایتەختی رۆشنبیری پێبەخشرا، ئەوە لە کاتێکدا خودی هونەرمەند و خەڵکی رەسەنی شارەکە لەو باوەڕەدان هێشتا ژێرخانی بەڕۆشنبیریی کردنى ئەم شارە زۆری ماوە.
ئیبراهیم پاشا کاتێک بەردی بناغەی سلێمانیی دانا، بەدوای پەناگەیەکدا دەگەڕا بۆ پاراستنی میرنشینەکەی لە مەترسییەکانی سەردەمی خۆی، بەڵام بێئاگا بوو لەوەی کە لە دامێنی گۆیژەدا تۆوی شارێکی چاندووە، کە نەک هەر میرنشینێک، بەڵکو ناسنامە، زمان و رۆحی نەتەوەیەکی لە فەوتان دەپارێزێت. سلێمانی لە خەونێکی سەربازییەوە لەدایک بوو، بەڵام بووە چراخانێکی رۆشنبیری کە هەرگیز ناکوژێتەوە، ئەگەر کرمى ناوخۆیی بهێڵت و کلکی تەورەکە لە چیاکانی کوردستان نەیەتە دروستکردن.