
رووداوی دزینی نزیکەی 6.3 ملیار دۆلار لە سەکۆی باینانس وەک گەورەترین پلاتفۆرمی دراوە دیجیتاڵییەکان لە جیهاندا، سەرنجی هەمووانی بۆ سەر ئاسایشی ئەم بوارە راکێشا، تەواوی پڕۆسەی دزینەکە تەنها لە ماوەی 20 خولەکدا ئەنجام درا، خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە هەموو بەکارهێنەران و چاودێران دەبینن پارە دزراوەکە بۆ کوێ دەچێت، بەڵام لە سیستمی ناناوەندیدا هیچ دوگمەیەک یان لایەنێکی دەسەڵاتدار بوونی نییە کە بتوانێت پڕۆسەکە بە تەواوی رابگرێت.
هاککەرەکان چۆن دەچنە ژوورەوە؟
زۆرجار دزەکردنەکان پێویستیان بە هاککردنی زۆر ئاڵۆز نییە، بەڵکو تەنها هەڵخەڵەتاندنی یەک کارمەند لە رێگەی نامەیەکی فێڵکردن (Phishing)، دزینی وشەی نهێنی، یان دابەزاندنی نەرمەکاڵای زیانبەخش بەسە، لە هێرشەکەی سەر باینانسدا، سەرەتا کۆمپیوتەری یەکێک لە ئەندازیارەکانی کۆمپانیاکە هاک کرا و پاشان پەڕییەوە بۆ بەشەکانی تر، کە دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (FBI) پەنجەی تۆمەتی بۆ هاککەرەکانی کۆریای باکوور درێژ کرد.
ئامانجی سەرەکی لەم هێرشانەدا بەدەستهێنانی کلیلە دیجیتاڵییەکانە کە رۆڵی واژۆی فەرمی دەبینن بۆ گواستنەوەی پارەکان، لەم نێوەندەدا دوو جۆر باخچە هەن:
گیرفانی گەرم : بە ئینتەرنێتەوە بەستراوەتەوە و وەک پارەی ناو چەکمەجەی کاشێر وایە، بەکارهێنانی ئاسانە بەڵام ئاسانترین ئامانجە بۆ هێرشەکان.
گیرفانی سارد : ئامێرێکە لە ئینتەرنێت دابڕاوە و هاوشێوەی خەزێنەیەکی ئاسنینە بۆ هەڵگرتنی کلیلەکان، بەڵام تەنانەت ئەم خەزێنانەش بێ کێشە نەبوون؛ لە مانگی تەممووزدا بەهۆی بوونی کەلێنێک لە ئامێرەکانی کۆمپانیای کۆین کایت (Coinkite)ی کەنەدی، زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار بیتکۆین لە هەزاران گیرفانی سارد دزرا.
لە سیستمی دارایی ناناوەندیشدا (DeFi) نێوەندگیرێک نییە، بەڵکو پڕۆسەکان بە گرێبەستی زیرەک جێبەجێ دەبن، ئەم گرێبەستانە وەک ئامێری فرۆشتنی خۆکار وان، ئەگەر کەلێنێکی نەرمەکاڵایی تێدا بێت، دەکرێت تەواوی پارەکەی ناوی بەتاڵ بکرێت، وەک چۆن تەنها لە یەک مانگدا دوو سەکۆی ناناوەندی 577 ملیۆن دۆلاریان لەدەست دا.
ئایا دەتوانرێت پارەی دزراو بگەڕێنرێتەوە؟
وەڵامەکە بەڵێ و نەخێرە، هەرچەندە تەواوی گواستنەوەکان لەسەر تۆڕی بلۆکچەین بە ئاشکرا دەبینرێن، بەڵام بینینی پارەکە بە مانای راگرتنی نایەت:
دراوەکانی وەک بیتکۆین و ئیسریۆم هیچ لایەنێکی ناوەندییان نییە تا بتوانێت گیرفانی دزەکە سڕ بکات.
دراوە جێگیرەکانی وەکUSDT یان تێزەر کۆمپانیاکانیان توانای سڕکردنیان (Freeze) هەیە.لێرەدا پێشبڕکێ لەگەڵ کات دروست دەبێت، هاککەرەکان هەوڵ دەدەن ئەو دراوانەی ئەگەری سڕکردنیان هەیە بگۆڕنەوە بۆ دراوە ناناوەندییەکان، سەکۆی باینانس توانی نزیکەی 3 ملیار دۆلار لە دەستی دزەکان بپارێزێت و سڕی بکات، بەڵام سڕکردن بە مانای وەرگرتنەوەی راستەوخۆ نییە و زۆرجار رێکاری یاسایی درێژخایەنی پێویستە، یان رەنگە هاککەرەکان لە بەرامبەر پاداشتێکدا بەشێکی بگەڕێننەوە.
سپیکردنەوەی دراو و رۆڵی ژیریی دەستکرد
گۆڕینی کریپتۆ بۆ کاش قورسترین قۆناغە، چونکە سەکۆ چاودێرییەکان پارەی گوماناوی دەناسنەوە، بۆیە هاککەرەکان پەلە ناکەن، پارەکە بەسەر سەدان گیرفان دابەش دەکەن، یان بە خزمەتگوزاریی تێکەڵکەرەکان شوێنپێی ون دەکەن، و هەندێک جار پارە دزراوەکە وەک بارمتە بۆ وەرگرتنی قەرز دادەنێن.
لە لایەکی ترەوە، ژیریی دەستکرد توانایەکی گەورەی داوەتە هاککەرەکان؛ یارمەتییان دەدات بە خێرایی کەلێنی کۆدەکان بدۆزنەوە و نامەی فێڵکردنی زۆر باوەڕپێکراو بنووسن، ئەمەش هەم دەرگای بۆ کەسانی کەمئەزموون کردووەتەوە و هەم کاتی هێرشەکانی بۆ هاککەرە پیشەگەرەکان کورت کردووەتەوە، بە جۆرێک شکاندنی ریکۆردی دزینی داهاتوو تەنها پەیوەستە بە فاکتەری کاتەوە.