
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رایگەیاند نەوت لە دوو کێڵگەی نوێ لە ناوچەی چیای گابار لە پارێزگای شرناخ دۆزراوەتەوە. بە وتەی ئەو، هەڵسەنگاندنی سەرەتایی ئاماژە بەوە دەکات کە لە هەردوو کێڵگەکەدا بە کۆی گشتی نزیکەی 135 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ژێر زەویدا هەیە.
ئەردۆغان دووشەممە، 9ی تشرینی دووەمی 2026، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا لە ئەنقەرە، وتی کێڵگە نوێیەکان بە «گازی لەر” و “چارداقلی” ناونراون و لە تشرینی یەکەمەوە بەرهەمهێنانی نەوتیان تێدا دەستی پێکردووە. بڕی 135 ملیۆن بەرمیل، خەملاندنی سەرەتایی بڕی نەوتی ناو کێڵگەکانە و بڕی نەوتی دەرهێنراو لەوانە بە جیا هەڵدەسەنگێندرێت.
بەپێی ژمارەکانی ئەردۆغان، ئێستا لە گابار لە 184 بیرەوە رۆژانە 84 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت و نزیکەی 8%ی پێداویستیی نەوتی تورکیا دابین دەکات. ئەو دەڵێت بە فراوانکردنی کار لە کێڵگەکان و خستنەکاری بیرە نوێیەکان، لە نیوەی دووەمی 2027دا ژمارەی بیرەکان دەگاتە نزیکەی 230 و بەرهەمی رۆژانە لە 100 هەزار بەرمیل تێدەپەڕێت.
ئەردۆغان لە هەمان وتاردا باسی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد کرد، کە ئەنقەرە بە “تورکیای بێ تیرۆر” ناوی دەبات. ئەو وتی ئەگەر پرۆسەکە سەر بکەوێت، چاوەڕێ دەکات گەشتیاری، بازرگانی و وەبەرهێنان گەشە بکەن. شرناخ، هەکاری، وان و دیاربەکری وەک نموونەی ئەو شوێنانە ناو برد کە بە بۆچوونی ئەو دەتوانن گەشتیاری زیاتر رابکێشن.