وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئێران سەرەڕای هێرشەکان هێشتا لە 1,500 تا 2,500 مووشەکی هەیە

وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ی تشرینی دووەم، لە زاری بەرپرسانی ئەمریکی رایگەیاند، دەزگاکانی هەواڵگریی ئەمریکا دەخەمڵێنن ئێران سەرەڕای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، هێشتا لە 1,500 تا 2,500 مووشەکی هەیە. بە وتەی ئەو بەرپرسانە، ئەم کۆگایە هێشتا توانایەکی بەرچاو بە تاران دەدات بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی، ئەگەر جەنگی فراوان دەست پێ بکاتەوە.

بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن دڵنیاییان بەو خەمڵاندنە کەمە، چونکە دیاریکردنی ژمارەی مووشەکە ئامادەکانی هاویشتن و ئەوانەی لە کۆگادان، قورسە. هەمان رۆژنامە بە گواستنەوە لە بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیلی نووسیویەتی، هەڵسەنگاندنی ئەوان ئەوەیە ئێران زیاتر لە 1,500 مووشەکی بالیستی هەیە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، هێرشەکان زیانیان بە دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی مووشەکی ئێران گەیاندووە، بەڵام تاران بە بەکارهێنانی پارچەی پێشتر کۆگاکراو، بە هەنگاوێکی هێواشتر لە پێش جەنگ بە گەورەکردنەوەی کۆگای مووشەکیی خۆی بەردەوامە. بی‌ بی ‌سیش پێشتر لە شیکردنەوەی وێنە مانگییەکاندا نیشانەی نۆژەنکردنەوەی دامەزراوە سەربازییە زیانلێکەوتووەکانی دۆزییەوە. لە بنکەی مووشەکیی کرماشان، سەقفی هەندێک لە بینا زیانلێکەوتووەکان نوێ کراوەتەوە.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت، توانای مووشەکیی ئێران یەکێکە لەو بابەتانەی لە گفتوگۆکانی ناو ئیدارەی ترەمپ سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان تاوتوێ کراوە. رویتەرز نووسیویەتی، ترەمپ بە راوێژکارانی وتووە ئەگەر ئێران یان حوسییەکان هەنگاوێکی نوێ دژی ئەمریکا نەنێن، لەوانەیە فەرمانی هێرشی نوێ نەدات. هێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەی چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە جەنگ نەداوە.