داڕمانێکی خێرا بازاڕی کریپتۆ دەهەژێنێت: بتکۆین بۆ خوار 62 هەزار دۆلار دادەبەزێت

بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان رووبەڕووی شەپۆلێکی توندی فرۆشتن و دڵەڕاوکێی وەبەرهێنەران بووەتەوە، دوای ئەوەی نرخی بتکۆین (Bitcoin) ئاستی هەستیاری 62 هەزار دۆلاری شکاند و بەرەو خوارەوە داکشانی بەخۆیەوە بینی.

بەپێی داتاکانی بازاڕ، ئەم پاشەکشە خێرایە کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر گرێبەستە داراییەکان هەبووە و تەنیا لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، زیاتر لە 800 ملیۆن دۆلار لە گرێبەستە کراوەکانی بازرگانان (Liquidations) لە بۆرسەکانی کریپتۆدا سووتان و پاکتاو کران، ئەمەش فشارەکانی سەر بازاڕی دوو هێندە کردووە.

هاوکات لەگەڵ ئەم دابەزینە، سندوقە وەبەرهێنەرەکانی بتکۆین (ETFs) رووبەڕووی کشانەوەیەکی گەورەی سەرمایە بوونەتەوە و لە ماوەی تەنیا یەک هەفتەدا زیاتر لە 102 ملیار دۆلار لەو سندوقانە کشێنراوەتەوە، کە وەک ئاماژەیەک بۆ لاوازبوونی متمانەی وەبەرهێنەرە گەورەکان لەم قۆناغەدا لێکدەدرێتەوە.

لێکەوتەکانی ئەم شەپۆلە تەنیا لە چوارچێوەی دراوە دیجیتاڵییەکاندا نەماوەتەوە، بەڵکو پەلی هاویشتووە بۆ بازاڕی پشکەکانیش، بە جۆرێک پشکی کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان بە کەرتی کریپتۆوە، لە سەرووی هەموویانەوە کۆینبەیس (Coinbase) و مایکرۆستراتیجی (MicroStrategy)، بە رێژەی 10٪ بۆ 15٪ داکشانیان تۆمار کردووە.

لە ئەنجامی ئەم پێشهاتانە و پاشەکشە بەردەوامانەدا، بازاڕی گشتیی دراوە دیجیتاڵییەکان لە ماوەیەکی زۆر کەمدا زیاتر لە 300 ملیار دۆلاری لە بەهای بازاڕیی خۆی لەدەستداوە و سڕاوەتەوە.