
ئەمڕۆ یەکشەممە ئێران رایگەیاند کە هێرشێکی نوێی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووەتە سەر دامەزراوەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە بەحرەین.
بەپێی راگەیەندراوێکی سوپای پاسدارانی ئێران، شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان سیستەمی راداری بەرگریی ئاسمانییان لە بنکەی ئاسمانیی (رەفاع) لە بەحرەین کردووەتە ئامانج. هەرچەندە دەسەڵاتدارانی بەحرەین چەندین هۆشداریی ئەمنییان بڵاوکردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەم زانیارییەی پشتڕاست نەکردووەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر سوپای ئەمریکا بانگەشەیەکی هاوشێوەی ئێرانی رەتکردبووەوە و جەختی کردبووەوە کە دوو درۆنیان تێکشکاندووە بەبێ هیچ زیانێک.
لەلایەکی دیکەوە، هێزی دەریایی ئێران رایگەیاندووە کە دوو کەشتیی نەوتهەڵگری دیکە لە بەشی رۆژهەڵاتی گەرووی هورمز بەر مین کەوتوون و ئاگریان گرتووە، بەمەش کۆی رووداوە تۆمارکراوەکان لە ماوەی تەنیا 24 کاتژمێردا گەیشتووەتە حەوت رووداو.
تاران جەخت دەکاتەوە کە هەر کەشتییەک بەبێ مۆڵەتی ئێران بەو رێڕەوانەدا تێپەڕێت پێشێلکاری دەکات، و کردنەوەی گەرووەکەشی بەستووەتەوە بە هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا و قبووڵکردنی حەوت مەرج.
لەم بارەیەوە، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ دانوستان یان رووبەڕووبوونەوە ئامادەیە و هێزە چەکدارەکانیان قەبارەی هەر وەڵامدانەوەیەک دیاری دەکەن.
ئەم پێشهاتە نوێیە کاریگەری لەسەر بازار دروستکرد، کە تێیدا نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 0.32٪ و نەوتی خاوی ئەمریکی بە رێژەی 0.20٪ بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینیوە، زیاتر لەوەش ئەم هێرشانە هەڕەشەیەکی جیددی لەسەر ئاسایشی خۆراکی جیهان دروست کردووە.
بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە واشنتۆن و تاران کرد رێگە بە تێپەڕبوونی بارهەڵگرەکانی پەینی کیمیایی بدەن لە گەرووی هورمزەوە، و هۆشداری دا کە لەدەستدانی وەرزەکانی چاندن دەبێتە هۆی ئەوەی 45 ملیۆن کەس رووبەڕووی نەبوونی توندی ئاسایشی خۆراک ببنەوە، بەتایبەت کە لە سەرەتای دەستپێکردنی گەمارۆکەوە نرخی پەین بە رێژەی 30٪ بەرزبووەتەوە.