حەوت ساڵ زیندان بۆ بریکاری وەزارەتی کارەبای عێراق: گەڕاندنەوەی پارە و غەرامەکە دەگاتە 36 ملیار و 810 ملیۆن دینار

دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ی تشرینی دووەمی 2026، رایگەیاند دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، خالید غەزای عەتیە موتلەگ مەعازیدی، بریکاری وەزارەتی کارەبا بۆ کاروباری گواستنەوە و دابەشکردن، بەهۆی بەدەستهێنانی سامانی نایاسایی بە حەوت ساڵ زیندان سزا دا.

دادگا لە حوکمێکی جیادا، بەهۆی تاوانی شاردنەوە، سزای سێ ساڵ زیندانیشی بەسەردا سەپاند. بەگوێرەی دەستەی دەستپاکی، دادگا بڕیاری دا سزای توندتر، واتە حەوت ساڵ زیندان، جێبەجێ بکرێت.

دادگا مەعازیدی ناچار کرد 8,242,678,000  دینار و 6,686,292 دۆلار بگەڕێنێتەوە. هەروەها غەرامەیەکی بە بڕی هاوتای بەهای ئەو پارەیە بەسەردا سەپاند. بەگوێرەی دەستەی دەستپاکی، کۆی پارەی گەڕاندنەوە و غەرامەکە 36  ملیار و 810 ملیۆن دینارە.

لە 16ی ئابی ئەم ساڵدا، دەستەی دەستپاکی رایگەیاندبوو لە چەند ماڵێکی سەر بە مەعازیدی، زیاتر لە یەک ملیار دینار، نزیکەی شەش ملیۆن دۆلار، حەوت شمشی زێڕ و زیوەری زێڕی دۆزیوەتەوە. دادگاش بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی پارە و موڵکەکانی پشتڕاست کردەوە و رێگەی بە دەستەی دەستپاکی دا دوای کۆتاییبوونی حوکمەکە داوای قەرەبووی زیانەکان بکات.