
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی تشرینی دووەمی 2026، وتی واشنتن پێویستی بە رێککەوتن لەگەڵ تاران نییە. ئەو لە پۆستێکدا لەسەر تروس سۆشیاڵ بانگەشەی ئەوەی کرد کە سەدان ملیار دۆلار لە پارەی ئێران لە دەستی ئەمریکادایە و واشنتن گەرووی هورمز کۆنتڕۆڵ دەکات. ترەمپ لە پۆستەکەدا وردەکاریی ئەو پارەیەی روون نەکردەوە.
قسەکانی ترەمپ لە کاتێکدا دێن کە ئەلجەزیرە رایگەیاندووە تاران چاوەڕێی وەڵامی واشنتنە بۆ پێشنیارەکەی. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکاش رایگەیاندووە هەوڵەکانی بۆ کراوەهێشتنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییە بازرگانییەکاندا بەردەوامن.
پێشتر، ترەمپ لە گفتوگۆیەکدا وتبووی ئەگەری هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران کەمە، ئەگەر گفتوگۆکان بەرەوپێش بچن.
ترەمپ هەروەها وتی جێگرەکەی، جەی دی ڤانس، راسپاردووە سەرنجی خۆی لەسەر لێکۆڵینەوە لە گومانەکانی گەندەڵی لەو شار و ویلایەتانە چڕ بکاتەوە کە دیموکراتەکان بەڕێوەیان دەبەن.