
ئەنجوومەنی دەم پارتی لە راگەیەندراوێکدا باسی ناکۆکییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و داوای لە هەموو هێزە سیاسییە کوردییەکان کرد، لە رێگەی گفتوگۆوە ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن و لەسەر خاڵە هاوبەشەکان کۆببنەوە.
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان، ناسراو بە دەم پارتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی تشرینی دووەمی 2026 راگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارتەکەی بڵاو کردەوە. کۆبوونەوەکە لە رۆژانی حەوت و هەشتی تشرینی دووەم، دوای پێنجەمین کۆنگرەی گەورەی ئاسایی پارتەکە، بەڕێوەچوو.
لە بەشی تایبەت بە هەرێمی کوردستاندا، دەم پارتی وتی تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و هاوکاریی نێوان هێزە سیاسییە کوردییەکان بۆ پاراستنی یەکڕیزی، داهاتووی هاوبەش و دەستکەوتەکانی گەلی کورد گرنگە.
پارتەکە جەختی کردەوە کە جیاوازییە سیاسییەکان نابێت ئیرادەی هاوبەشی گەلی کورد لاواز بکەن.
دەم پارتی لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا باسی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا کرد. داوای کرد هەنگاوە سیاسی و یاساییەکانی قۆناخی دووەم دوا نەخرێن، بڕیارە یاساییە پەسەندکراوەکانی پەرلەمانی تورکیا جێبەجێ بکرێن و دۆخی یاسایی عەبدوڵڵا ئۆجەلان چارەسەر بکرێت.