
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر راگەیاند، تۆمەتبارێکی قاچاخچێتیی مرۆڤی دەستگیر کردووە کە بەپێی راگەیەندراوەکە، پەیوەندی بە رووداوی خنکانی 3 منداڵی خێزانێکی شاری سلێمانی لە تورکیاوە هەیە.
ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا، ئەمڕۆ سێشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2026، رایگەیاندووە، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون، ناسنامەی تۆمەتبارەکە بە کورتکراوەی “ر. أ. م” دیاری کراوە و لە کاتی گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان دەستگیر کراوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، دەستگیرکردنەکە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر ئەنجام دراوە. ئاسایش تۆمەتبارەکە بە بەرپرسیار دەزانێت لە بەقاچاخبردنی خێزانەکە بە بەلەمێکی چووپی، کە نقومبوونەکەی بووە هۆی گیانلەدەستدانی هەستیار، هەریاد و میلا.
رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ شەوی 14ی تشرینی یەکەمی 2026، کاتێک خێزانە 5 کەسییەکە، پێکهاتوو لە دایک و باوک و 3 منداڵەکەیان، لەگەڵ کۆمەڵێک کۆچبەری دیکە هەوڵیان داوە بە بەلەم لە رووباری مەریچ، لە سنووری نێوان تورکیا و یۆنان، بپەڕنەوە. بەلەمەکە لە کاتی پەڕینەوەدا نقوم بووە.
بەپێی راپۆرتی کەناڵ8، بەلەمەکە 8 سەرنشینی هەبووە، دایک و باوکی منداڵەکان و 3 سەرنشینی دیکە رزگاریان بووە، بەڵام 3 منداڵەکە گیانیان لەدەست داوە.
لە 28ی تشرینی یەکەم، تەرمی هەریاد و میلا گەڕێنرانەوە هەولێر بۆ گواستنەوەیان بۆ سلێمانی و بەخاکسپاردنیان لە گۆڕستانی نوێی شارەکە.