دیوانی پەرلەمانی کوردستان بانگهێشتی پەرلەمانتاران بۆ دانیشتنی سبەی دەکات

سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بانگهێشتی پەرلەمانتاران دەکات بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنی سبەی چوارشەممە، 4ی تشرینی دووەمی 2026.

فراکسیۆنی پارتی و فراکسیۆنەکانی مەسیحییەکان و پارتی چاکسازیی تورکمانی، داوای کۆبوونەوەی پەرلەمانیان کرد بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەم و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی. لە بانگەوازەکەیاندا، کاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆی سبەی بۆ ئامادەبوونی پەرلەمانتاران دیاری کراوە.

رەوتی هەڵوێست لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، بڕیاری داوە بەشداریی دانیشتنەکە نەکات، چونکە لە سەرەتاوە هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆنبوونی هەڵبژاردووە.

هەڵوێست لە روونکردنەوەی بڕیارەکەیدا دەڵێت، ئەرکی ئۆپۆزسیۆن نییە دەستەی سەرۆکایەتی بۆ هێزێک یان دوو هێزی دەسەڵاتدار هەڵبژێرێت، بۆ ئەوەی دواتر ئەوان سەرۆکی هەرێم و حکومەت دیاری بکەن.

هەڵوێست هەروەها جەختی کردووەتەوە کە پێشتر نەچووەتە ناو هیچ بلۆکێکی دیکە و ئێستاش لەژێر هیچ بیانوویەکدا ناچێتە لای هیچ لایەنێک، بەڵکو وەک ئۆپۆزسیۆنێکی راستگۆ و جدی دەمێنێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ڤالا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، داوای لە هەموو ئەندامان کردووە لە دانیشتنی سبەیدا ئامادە بن، بەڵام بەپێی لێدوانەکانی ئەمڕۆ، فراکسیۆنی یەکێتی وتوویەتی تا ئەو کاتە بڕیاری بەشداریکردنی نەداوە.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو و ئەندامە هەڵبژێردراوەکان لە 2ی کانونی یەکەمی هەمان ساڵ سوێندی یاساییان خوارد.