ناکۆکی لەسەر چەک و پۆستەکان هەڕەشە لە یەکڕیزیی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات

رۆژنامەی “الشرق الأوسط” لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە ناکۆکییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە لە عێراق قووڵتر بوونەتەوە. سەرچاوە نزیکەکانی ئەو هاوپەیمانییە دەڵێن پەیوەندی لەگەڵ سەرۆک وەزیران، کۆکردنەوەی چەکی گرووپەکان و ململا‌نێی پۆستە حکومییەکان لە ناوەندی ناکۆکییەکاندان.

بەپێی راپۆرتەکە، هەندێک لایەنی چوارچێوە پشتگیری لە عەلی زەیدی دەکەن، بەڵام لایەنەکانی دیکە رەخنە لە بەڕێوەبردنی حکومەت و سەردانە دەرەکییەکانی، بە تایبەتی سەردانەکەی بۆ سووریا، دەگرن.

سەرچاوەکان دەڵێن ئەو ململا‌نێیە کاریگەری لەسەر هەوڵەکانی حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و کۆکردنەوەی چەک هەیە.

رۆژنامەکە هەروەها ئاماژە بە توندبوونەوەی ناکۆکیی نێوان لایەنگرانی نوری مالیکی و محەممەد شیاع سودانی دەکات. ئەوە لە کاتێکدایە فراکسیۆنی “ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان”ی سەر بە سودانی، هەفتەی رابردوو بەشداریی لە دانیشتنەکانی پەرلەمان هەڵپەساردبوو.

ئیحسان شەمەری، سەرۆکی ناوەندی بیرکردنەوەی سیاسی، بە رۆژنامەکەی وتووە کە ململا‌نێی سەرکردایەتی و دابەشکردنی پۆستەکان یەکێتیی چوارچێوە دەخەنە ژێر فشار. بە بڕوای ئەو، ئێران هێشتا هەوڵی پاراستنی ئەو هاوپەیمانییە دەدات، بەڵام گۆڕانکارییەکی گەورەی ناوخۆیی یان ناوچەیی دەتوانێت مەترسیی لێکترازانی زیاد بکات.