
سەرەڕای چڕبوونەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەرپرسێکی باڵای ئێرانی ئەمڕۆ سێشەممە، 3ی تشرینی دووەمی 2026، بە رۆیتەرزی وتووە واشنتۆن و تاران هێشتا لە گەیشتن بە رێککەوتن دوورن.
ئەو بەرپرسە وتوویەتی نێوەندگیران هەوڵ دەدەن بۆچوونەکانی هەردوو لایەن لێک نزیک بکەنەوە، بەڵام تاران کردنەوەی گەرووی هورمزی بە جێبەجێکردنی مەرجەکانیەوە بەستووەتەوە. بەپێی وتەکانی، گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی دەبێت دوای ئەو قۆناغە دەستپێبکات.
هەوڵەکانی نێوەندگیری لە کاتێکدا بەردەوامن کە نێوەندگیرانی قەتەری شەوی دووشەممە سەردانی تارانیان کردووە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەسەر وەشانی نوێی پێشنووسی رێککەوتنەکە. پێشتر، شاندی ئێرانی دوای چەند رۆژێک گفتوگۆ لەگەڵ نێوەندگیران، دۆحەی بەجێهێشتبوو، بەرپرسێکی ئاگادار لە گفتوگۆکان بە رۆیتەرزی وتووە ئەو گەڕانەوەیە بەهۆی کێشە لە دانوستانەکان نەبووە.
بنەمای گفتوگۆکان پێشنیارێکی ئێرانییە کە چەند هەنگاوێک لەخۆ دەگرێت، لەوانە کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریاییی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران، کردنەوەی گەرووی هورمز، ئاسانکاری بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران و هەڵوەشاندنەوەی سزا نوێکان. دواتر گفتوگۆ لەسەر دۆسییەکانی دیکە دەکرێت. ئەم خاڵانە هێشتا لە چوارچێوەی پێشنیاری گفتوگۆدان و وەک رێککەوتنی کۆتایی پەسەند نەکراون.
لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئەسۆشیەیتدپرێسی وتووە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا پێشکەوتن هەبووە. بەپێی هەمان راپۆرت، نێوەندگیران کار لەسەر چوارچێوەیەک دەکەن کە ئێران هێرشەکانی لە گەرووی هورمز بوەستێنێت و ئەمریکاش گەمارۆی بەندەرە ئێرانییەکان هەڵبگرێت. جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاش، هیواخوازییەکی سنوورداری لەبارەی گەیشتن بە رێککەوتن دەربڕیوە.