
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ رەزامەندیی بۆ دابینكردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێم دەربڕی. ئەم بڕە نەوتە تەنیا (18%)ی پێداویستیی هەرێمی كوردستان دابين دەکات کە پێويستی بە بڕی (268,710,600) لیترە، ئەگەر بۆ هەر خێزانێک تەنیا 200 لیتر دابين بكرێت.
باس لەوە دەکات کە لەگەڵ گەیشتنی ئەو بڕە نەوتە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەوت و كانزای شارەکانەوە بە میكانیزمێكی گونجاو و به هەمان نرخی دابينكراو له لايەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵ كه 250 دینارە بۆ هەر لیترێک، دەست بە دابەشكردنی دەکات.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەڵێت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ لەسەر هێڵ دەبێت بۆ گواستنەوەی ئەو بڕە نەوتە و زیادكردنی بڕەكەی كە لەگەڵ پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستان بگونجێت.