
عێراق هەوڵ دەدات نوێکردنەوەی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیخوڕی بخاتە ناو پێشینەکانی بودجەی 2027، بە ئامانجی پاراستنی ئاسمانی وڵات و دامەزراوە گرنگەکان، لە کاتێکدا پرسی توانای بەرپەرچدانەوەی هێرشە ئاسمانییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام جێی نیگەرانییە.
رۆژنامەی سەباح ئەمڕۆ دووشەممە، 2ی تشرینی دووەمی 2026، بڵاوی کردەوە کە حکومەت و پەرلەمان کار لەسەر کۆمەڵێک پڕۆژە و گرێبەستی چەکداری دەکەن، بۆ ئەوەی لە بودجەی ساڵی داهاتوودا جێگەیان بۆ بکرێتەوە. ئەم پلانانە پەرەپێدانی توانای چاودێریی ئاسمان و پاراستنی دامەزراوە ژیانی و ئابوورییەکانی وڵات دەگرنەوە.
عەلی ئەنهیر، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە کە نوێکردنەوەی چەک و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، لەگەڵ کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی چاودێری، لە پێشینەکانی وەزارەتی بەرگرییە بۆ بودجەی 2027.
بەپێی هەمان راپۆرت، ئاراستەیەکیش هەیە بۆ بەردەوامبوون لە گرێبەستە پێشووترەکانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لەگەڵ تورکیا.
ئەم هەوڵە لە درێژەی جووڵەکانی بەغدایە بۆ کڕینی سیستەمی بەرگری لە چەند وڵاتێک. رۆژنامەی “ئەلمەدا” لە راپۆرتێکی ئەمڕۆیدا، بە گواستنەوە لە گۆڤاری ئەمریکیی “فۆربس”، نووسیویەتی عێراق گرێبەستی وەرگرتنی 8 یەکەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە کۆریای باشوور واژۆ کردووە و هەوڵ بۆ دابینکردنی سیستەمی دیکەش دەدات.
هەمان راپۆرت لە سەباح نەعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، دەگوازێتەوە کە لە لێدوانێکی 16ی تشرینی یەکەمدا باسی گرێبەست لەگەڵ ئەمریکا، تورکیا و کۆریای باشوور کردووە و چاوەڕوانی گەیشتنی یەکەم سیستەم لە مانگەکانی داهاتوودا دەربڕیوە.
گرنگیی ئەم دۆسیەیە بۆ هەرێمی کوردستانیش لەوەدایە کە، بەپێی راپۆرتە گواستراوەکەی فۆربس، کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و سیستەمە بەرگرییەکانیان نیگەرانیی سەبارەت بە پاراستنی ئاسمانی هەرێم زیاتر کردووە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە حکومەتی هەرێم ناتوانێت بە سەربەخۆیی ئەو سیستەمانە بکڕێت و دابینکردنیان دەبێت لە رێگەی حکومەتی فیدراڵییەوە بێت. بەمەش جێبەجێکردنی پلانەکانی بەغدا بۆ بەرگریی ئاسمانی، پەیوەندیی راستەوخۆی بە توانای پاراستنی هەرێم لە هێرشی درۆن و مووشەکەوە هەیە.