رۆیتەرز: عێراق و 6 وڵاتی دیکەی ئۆپێک پڵەس بەرەو جێگیرکردنی بەرهەمهێنانی نەوت دەچن

چاوەڕوان دەکرێت حەوت وڵاتی سەرەکیی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس، لەوانە عێراق، ئاستی ئامانجکراوی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ مانگی کانوونی یەکەم نەگۆڕن، لە کاتێکدا کێشەکانی هەناردەکردنی نەوت بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئێرانەوە بەردەوامن.

ئاژانسی رۆیتەرز ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ی تشرینی دووەمی 2026، لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردووەتەوە کە رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ نەگۆڕینی ئاستەکان هەیە. بەڵام تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەو راپۆرتە، بڕیاری کۆتاییی کۆبوونەوەکە رانەگەیەنرابوو.

عێراق، سعودیە، رووسیا، کوێت، قازاخستان، جەزائیر و عومان ئەو حەوت وڵاتەن کە کۆبوونەوەی مانگانە ئەنجام دەدەن بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی بازاڕ و پێداچوونەوە بە ئاستی بەرهەمهێنان. ئۆپێک لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەی 4ی تشرینی یەکەمدا پشتڕاستی کردبووەوە کە ئەم وڵاتانە ئاستی بەرهەمهێنانی ئەیلوولیان بۆ تشرینی دووەمیش پاراستووە.

بەم پێیە، ئاراستەی چاوەڕوانکراو بۆ کانوونی یەکەم بەردەوامبوونە لە سیاسەتی نەگۆڕینی ئاستەکان، لەبری زیادکردن یان کەمکردنەوەیەکی نوێ. بەڵام ئاستی ئامانجکراو هەمیشە یەکسان نییە بە بڕی نەوتی بەڕاستی دەرهێنراو، بەپێی رۆیتەرز، زۆربەی بەرهەمهێنەرانی کەنداو هێشتا لە خوار ئاستە دیاریکراوەکانیان بەرهەم دەهێنن.

وەزیرانی وزە و نەوتی وڵاتانی بەشدار لە ئۆپێک پڵەس، لە کۆبوونەوەیەکی 12ی تشرینی یەکەمدا، هۆشدارییان دابوو کە پچڕانی رەوتی گواستنەوەی وزە تێچووی کەشتیوانی و بیمەی بە ئاستێکی بەرچاو بەرز کردووەتەوە.

بەپێی راگەیەندراوی فەرمیی ئۆپێک، لە هەندێک حاڵەتدا ئەو تێچووانە گەیشتوونەتە زیاتر لە سێیەکی بەهای کاڵاکە. وەزیران جەختیان کردبووەوە کە ئەم بارگرانییە تەنها لەسەر کۆمپانیاکانی گواستنەوە نامێنێتەوە، بەڵکو دەگوازرێتەوە بۆ زنجیرەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان و فشار لەسەر ئابووریی وڵاتانی بەرهەمهێنەر و بەکاربەر زیاد دەکات.

بۆ عێراق، بابەتەکە پەیوەندی بە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و توانای گەیاندنی بە بازاڕەکانەوە هەیە. نەگۆڕینی ئاستی ئامانجکراو بەخۆی نە بەڵێنی زیادبوونی داهاتە و نە دابەزینی نرخی نەوت؛ بڕی هەناردە، نرخی فرۆشتن و تێچووی گواستنەوەش لە داهاتی کۆتایی کاریگەرن.