چۆن ئێران پێگەی خۆی لە ئەفریقا قایم دەکات؟

سیاسەتی دەرەوەی ئێران بەرامبەر ئەفریقا تەنیا پشت بە یەک ئامراز نابەستێت، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە ئایدۆلۆژیای مەزهەبی، دەرفەتی بازرگانی، هەژموونی سەربازیی و ئەمنی، بە جۆرێک تاران بەپێی تایبەتمەندیی هەر ناوچەیەک ئامرازی گونجاو بەکاردەهێنێت.

دووفاقی لە دەستووردا:

دەستووری ئێران (ماددەکانی 152 و 154) لە لایەک پشتگیری لە (مستضعفین – چەوساوەکان) و خەبات دژی دەسەڵاتە هەژموونکارەکان دەکات، لە لایەکی دیکەشەوە پابەندبوون بە دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان دووپات دەکاتەوە.

لە کرداردا، ئێران بەپێی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و دەربازبوون لە سزاکان مامەڵە دەکات. لە شوێنێک گوتاری شۆڕشگێڕیی بەکاردەهێنێت و لە شوێنێکی دیکەش پڕۆژەی کشتوکاڵی، پیشەسازی و مرۆیی.

جیاوازیی سەردەمی شا و کۆماری ئیسلامیی

لە سەردەمی شای ئێراندا سیاسەتێکی بەرگری و ئابووریی رووت بوو، پشتی بە هەناردەی نەوت (دابینکردنی 90٪ی نەوتی باشووری ئەفریقا لە سەردەمی ئاپارتاید)، رێگری لە فراوانخوازیی سۆڤیەت و جەمال عەبدولناسر، و دۆزینەوەی یۆرانیۆم دەبەست.

بەڵام لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا گۆڕانکاری بەسەر ئامانجەکاندا هات بەرەو بڵاوکردنەوەی شۆڕش و دژایەتیکردنی رۆژئاوا، بەڵام هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەکان (وەک باشووری ئەفریقا، کینیا و تەنزانیا) هەر وەک خۆیان مانەوە.

ئامرازەکانی ئێران بۆ دروستکردنی هەژموون

یەکەم: کشتوکاڵ و هاوکاریی تەکنیکی، کە خۆیان ناویان ناوە “جیهادی بیناسازی”:

بەکارهێنانی پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە و کشتوکاڵ بۆ چوونە ناو کۆمەڵگە سوننە یان ناموسڵمانەکان بەبێ هەستیاریی سیاسی. بۆ نموونە: وەرگرتنی شەش هەزار هێکتار زەوی لە گانا بۆ کشتوکاڵ، بەدەستهێنانی مافی راوەماسی لە تەنزانیا، و راهێنانی پیشەیی لە سەنیگال کە بازاڕ بۆ کەرەستە پیشەسازییەکانی ئێران دەکاتەوە.

دووەم: دبلۆماسییەتی درۆن:

بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ململانێکانی ئەفریقا، وەک فرۆشتن یان پێدانی درۆن بە سوپای سوودان لە جەنگی ناوخۆدا بۆ راگرتنی پێشڕەویی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا، و بەکارهێنانی لە جەنگی تیگرای لە ئەسیۆپیا.

سێیەم: بڵاوکردنەوەی مەزهەب (ئاینزا)ی شیعە:

کەڵکوەرگرتن لە کۆمەڵگەی لوبنانییە کۆنەکان و لێکچوونی رێوڕەسمەکان لەگەڵ تەسەوفی ناوخۆیی. لەم وڵاتەدا حەوزەی زانستی هەیە، بەڵام زۆربەیان پەیوەستن بە مەرجەعیەتی نەجەف (سیستانی) نەک مۆدێلی ویلایەتی فەقیهی ئێران لە سەنیگال.

لە رێگەی ئیبراهیم زەکزەکی و “بزووتنەوەی ئیسلامی لە نێجیریا” پەرەی سەندووە، بە تەواوی شوێنکەوتەی رێبازی خومەینی و ویلایەتی فەقیهن، کە چەندین جار بووەتە هۆی پێکدادانی خوێناوی لەگەڵ سوپای نێجیریا.

دابەشبوونی جوگرافیی هەژموونی ئێران

1. رۆژئاوای ئەفریقا (نێجیریا و سەنیگال): پێشەنگیی فاکتەری ئایینی، حەوزە، زانکۆ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر بواری ئابووریدا.

2. سوودان، ئەسیۆپیا، دەریای سوور: پێشەنگیی بەرژەوەندییە سەربازییەکان، بەندەرەکان، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەماهەنگیی هەواڵگری، لەگەڵ هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی پێگەی سەربازی لەسەر دەریای سوور.

3. باشووری ئەفریقا: مانەوەی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییە بەهێزەکان بە پلەی یەکەم (لەگەڵ مانۆڕی هاوبەشی دەریایی لەگەڵ رووسیا و چین).

خاڵی لاوازیی هەژموونەکە

سەرەڕای ئەم هەوڵانە، هەژموونی ئێران لە ئەفریقا ناسکە و تووشی پچڕانی بەردەوام دەبێت، بۆ نموونە کاتێک سوودان یان وڵاتانی تر لە ژێر گوشاری سزاکان، ململانێی وڵاتانی کەنداو، یان گۆڕانکارییە ناوخۆییەکان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاران هەڵپەساردووە. هەروەها توندبوونەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان توانای دارایی تارانی بۆ پشتیوانیکردنی ناوەندە ڕۆشنبیری و ئابوورییەکانی لەو کیشوەرەدا بە تەواوی سنووردار کردووە.