بانکی ناوەندیی عێراق: باری نوێی دۆلار لە ئەمریکاوە دەگاتە بەغدا

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاندووە، لە ماوەی یەک بۆ دوو هەفتەی داهاتوودا باری نوێی دۆلاری نەختینە لە ئەمریکاوە دەگاتە بەغدا، لە چوارچێوەی بارە چاوەڕوانکراوەکان کە کۆی بەهاکەیان زیاتر لە 1 ملیار دۆلارە. ئامانج لە هێنانی ئەم پارەیە، دابینکردنی پێداویستیی دۆلاری نەختینەیە لە عێراق.

بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی ئەلمەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ی تشرینی دووەمی 2026 بڵاو کراوەتەوە، مەحموود داغر، وتەبێژی بانکی ناوەندی، وتوویەتی رێکارەکانی گواستنەوەی دارایی لە رێگەی سیستەمی نێودەوڵەتیی “سویفت” تەواو کراون و ئامادەکارییەکان بۆ ناردنی بارە نەختینەکان ئەنجام دراون.

داغر هەروەها جەختی کردووەتەوە کە بانکی ناوەندی بەردەوامە لە دابینکردنی دۆلار بۆ گەشتیاران بە نرخی فەرمی و میکانیزمی فرۆشتنی 2,000 دۆلار بۆ هەر گەشتیارێک هەر بەردەوامە، بەپێی رێنماییە کارپێکراوەکان.

هێنانی دۆلاری نەختینە بە مانای گەیشتنی یارمەتییەکی داراییی ئەمریکی یان پارەی تایبەت بە مووچە نییە. بانکی ناوەندی لە لێدوانێکی پێشووتردا روونی کردبووەوە کە باری چاوەڕوانکراو بۆ دابینکردنی پێداویستیی گەشتیارانە و بۆ دابەشکردنی مووچە یان پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بەکارناهێنرێت.