نەوت لە بەرامبەر کۆتایی مەهاباد دا

هەموومان دەزانین لە ئەنجامی کشانەوەى هێزەکانى سۆڤیەت لە ئێران هەردوو کۆمارى ئازەربایجان و کوردستان کۆتاییان پێهاتووە. هەمووشمان دەزانین کە ئێران چۆن بەخێرایی هەلەکەى قۆستەوە و لە ماوەیەکی کەمدا خەونى هەردوو نەتەوەى تورک و کورد پووچەڵکردوەتەوە.

بەڵام وردەکارییەکانى پشتى رووداوەکان نازانین.

سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بە رێککەوتنێکی نهێنى نێوان ئێران و سۆڤیەت دەکەن و باسیش لەوە دەکەن چۆن لە بەرامبەر نەوتدا سۆڤیەت پشتى لە کورد و ئازەرییەکان کردووە، ئەویش بەپێی رێککەوتنێک،

رێککەوتنی قەوام – سادچیکۆڤ کە لە چواری نیسانی 1946 لە نێوان ئەحمەد قەوام (سەرۆک‌ وەزیرانی ئێران) و ئیڤان سادچیکۆڤ (باڵیۆزی یەکێتیی سۆڤیەت لە تاران) واژۆکرا، خاڵی وەرچەرخان و هۆکاری سەرەکیی داڕمانی کۆماری مەهاباد و حکومەتی میللیی ئازەربایجان بوو.

ناوەڕۆکی سەرەکیی رێککەوتنەکە:

دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم 1945 ، هێزەکانی هاوپەیمانان دەبووایە خاکی ئێران چۆڵ بکەن، بەڵام سۆڤیەت سوپای سووری لە باکوور و باکووری رۆژئاوای ئێران هێشتەوە بۆ ئەوەی پشتیوانی لە بزووتنەوەکانی ئازەربایجان و مەهاباد بکات و گوشار بخاتە سەر تاران. قەوام چووە مۆسکۆ و لەگەڵ ستالین و سادچیکۆڤ گەیشتە رێککەوتنێک لەسەر سێ تەوەر:

یەکەم: کشانەوەی سەربازیی بەشێوەیەک سوپای سوور لە ماوەی یەک مانگ و نیودا بە تەواوی خاکی ئێران چۆڵ بکات.

دووەم: کۆمپانیایەکی هاوبەشی نەوتی ئێران و سۆڤیەت پێکبهێنرێت بۆ دەرهێنانی نەوتی باکووری ئێران، بە جۆرێک بۆ ماوەی 25 ساڵی یەکەم 51٪ی پشکەکان بۆ سۆڤیەت و 49٪ بۆ ئێران بێت (تەنیا بەو مەرجەى کە پەرلەمانى ئێران پەسەندی بکات ).

سێیەم: دۆخی ناوخۆیی ناوچەکانى ئازەربایجان و مەهاباد وەک پرسێکی ناوخۆیی ئێران هەژمار بکرێت و تاران بە شێوەیەکی ئاشتییانە و لە چوارچێوەی دەستووردا لەگەڵیان رێکبکەوێت.

ئەم رێککەوتنە لە چەند قۆناغێکدا زەمینەی رووخانی کۆماری مەهاباد و ئازەربایجانى نەخشەڕێژکردووە:

یەکەم: نەمانی قەڵغانی پارێزگاریی، بە کشانەوەی سوپای سوور لە مانگی ئایاری 1946، کۆماری مەهاباد و پێشەوا قازی محەمەد گەورەترین و تاکە هێزی نێودەوڵەتییان لەدەستدا کە بەرامبەر سوپای شا دەیپاراستن.

دووەم: فێڵی سیاسیی قەوام سەڵتەنە، قەوام بەڵێنی پەسەندکردنی نەوتی دابوو بە سۆڤیەت بە مەرجی پەسەندکردنی لەلایەن پەرلەمانەوە. بەڵام پەرلەمانی نوێی ئێران (مەجلیسی پانزدەهەم) پرسەکەى دواخست بۆ دوای کشانەوەی رووسەکان و لەناوبردنی هەردوو کۆمارەکە، کە ئیشى بەو رێککەوتنە نەما بە تەواوی ڕەتیکردەوە، بەمەش ستالین نە نەوتەکەی دەستکەوت و نە پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا پاراست و دواتر بۆى دەرکەوت ئێران فێڵێکی گەورەى لێکردوون.

سێیەم: داڕمانی کۆماری ئازەربایجان بە خێرایی، لە سەرەتای کانوونی یەکەمی 1946دا سوپای ئێران هێرشی کردە سەر تەورێز، سەرکردەکانی کۆماری ئازەربایجان (پیشەوەری و هاوڕێکانی) هەڵاتن بۆ سۆڤیەت، ئەمەش مەهابادی لە رووی جوگرافییەوە تەواو گەمارۆدراو و تەنیا هێشتەوە.

چوارەم: لاوازبوونی سەنگەری ناوخۆیی، لە کاتی هێرشی سوپای تاراندا، بەشێک لە سەرۆک عەشیرەتە کوردەکان کە پێشتر بەیعەتیان بە کۆمار دابوو، بەهۆی گۆڕانی هاوسەنگیی هێز و نەمانی سۆڤیەت، پشتیان لە قازی محەمەد کرد و پەیوەندییان بە سوپای شاوە کرد.

بڕیاری قازی محەمەد بۆ پێشگرتن لە خوێنڕشتن لە بەرامبەر هێزی گەورەی دەوڵەتی ئێران و نەمانی هیچ ئومێدێکی هاوکاریی دەرەکی و هەڵگەڕانەوەى خێڵە کوردییەکان، پێشەوا قازی محەمەد بڕیاری دا شارەکە تەسلیم بکات تا مەهاباد تووشی تۆپباران و کوشتار نەبێت، کە دواتر بووە هۆی دەستگیرکردن و لەسێدارەدانی خۆی و هاوڕێکانی لە مەیدانی چوارچرا.