
نزیکەی دوو ساڵ دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، قەیرانی بژێوی لە سووریا قووڵتر بووەتەوە و بەشێک لە خەڵک دەڵێن توانای کڕینی خواردن، دەرمان و پارەدانی پسوولەکانیان لە جاران کەمتر بووە. راپۆرتێکی مەیدانیی BBC لە دیمەشق دەریدەخات گرانبوونی سووتەمەنی، کارەبا و پێداویستییە سەرەکییەکان، لەگەڵ بێکاری و کەمبوونەوەی یارمەتییەکان، خێزانەکان ناچار دەکات خواردنیان کەم بکەنەوە و تەنانەت کەلوپەلی ماڵیان بفرۆشن.
بی بی سی لە راپۆرتەکەیدا کە 31ی ئۆکتۆبەری 2026 بڵاوکراوەتەوە، نووسیویەتی نرخی نان لە دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن حکومەتی نوێوە 10 هێندە زیاد بووە. حکومەت لە چوارچێوەی سیاسەتی کەمکردنەوەی خەرجیدا، بەشێک لەو یارمەتییانەی بۆ ساڵانێکی زۆر دەدران لابردووە، هەنگاوێک کە باری داراییی زیاتری خستووەتە سەر خەڵک.
بەپێی راپۆرتەکە، نرخی سووتەمەنی گەیشتووەتە ئاستی تێکڕای نێودەوڵەتی، ئەمەش تێچووی کشتوکاڵ و گواستنەوەی بەرز کردووەتەوە. تێچووی کارەباش لە هەندێک شوێن چەند سەد هێندە زیاد بووە. دەسەڵاتداران لە بەرامبەردا مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانیان بەرز کردووەتەوە، بەڵام بەردەوامیی گرانبوون کاریگەریی ئەو زیادکردنەی کەم کردووەتەوە.
خۆپیشاندان حکومەتی ناچار کرد لە زیادکردنی نرخی سووتەمەنی پاشگەز ببێتەوە
مانگی رابردوو، بڕیاری زیادکردنەوەی نرخی سووتەمەنی ناڕەزایەتیی لە چەند ناوچەی سووریا لێکەوتەوە. خۆپیشاندەران تایەیان سووتاند، رێگەیان داخست و دژی گرانبوونی ژیان دروشمیان دا.
هەندێک خۆپیشاندەر، لەگەڵ دەربڕینی پشتگیری بۆ حکومەت، وتوویانە دۆخی ژیانیان گەیشتووەتە ئاستێک کە توانای کڕینی نانیشیان نییە. چەند رۆژێک دوای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان و لەگەڵ بانگەواز بۆ خۆپیشاندانی نوێ، حکومەت بڕیاری زیادکردنی نرخەکەی هەڵوەشاندەوە.
حکومەتی سووریا دەڵێت بەشێک لە فشارەکانی بازاڕی وزە و گرانبوونی سووتەمەنی پەیوەندی بە جەنگی ئەمریکا و ئێرانەوە هەیە، بەڵام رەخنەگران پێیان وایە سیاسەتە ناوخۆییەکانیش رۆڵیان لە قووڵبوونەوەی قەیرانەکەدا هەیە.
توێژەرێکی سووری لە ناوەندی چاتەم هاوس، دەڵێت بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووان بەراورد بە پێش رووخانی ئەسەد لە دۆخێکی خراپتردان. بە بڕوای ئەو، کەمیی سەرچاوە داراییەکان و ئەو میراتەی رژێمی پێشوو بەجێی هێشتووە بەشێکن لە کێشەکە، بەڵام سیاسەتە نوێکانی گواستنەوە بۆ ئابووریی بازاڕی ئازادیش، بەبێ هەژمارکردنی کاریگەرییان لەسەر خەڵک، رۆڵیان هەیە.
لەگەڵ لابردنی سزا سەپێنراوەکانی سەردەمی ئەسەد و هەوڵەکانی حکومەت بۆ رراکێشانی وەبەرهێنان، بووژانەوەی راستەقینەی ئابووری هێشتا نەگەیشتووەتە ژیانی زۆرێک لە خێزانەکان. بەشێکی فراوانی وڵاتەکە هەر وێرانەیە و هەندێک خێزان، بەهۆی نەبوونی پارەی کرێ، لە بینای نیوەڕووخاودا دەژین.
بەپێی خەمڵاندنی بانکی جیهانی کە لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بنیاتنانەوەی سووریا نزیکەی 216 ملیار دۆلاری پێویستە. سەمیر عەیتە، ئابووریناسی سووری و سەرۆکی بازنەی ئابووریناسانی عەرەب لە پاریس، هۆشداری دەدات دۆخی ئێستا بەردەوام نابێت و ئەگەر سیاسەتەکان نەگۆڕدرێن، مەترسیی دروستبوونی ئاڵۆزی هەیە. بە بڕوای ئەو، حکومەت جگە لە کێشەی سیاسەتە ئابوورییەکان، هیوای خێرای باشبوونی ژیانیشی دروست کردووە کە نەیتوانیوە بەدی بهێنێت.