
گرنگیی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تاوانە داراییەکان
لە تیۆریی هاوچەرخی دەوڵەتداری و زانستی دارایی گشتیدا، پاراستنی ئاسایشی ئابووری کەمتر نییە لە پاراستنی سەروەریی نیشتمانی، ئەزموونی دەوڵەتە پێشکەوتووەکان دەریخستووە کە گەشەی بەردەوام و پاراستنی بەهای دراو و باشکردنی ئاستی گوزەرانی هاوڵاتیان بەدینایەت بەبێ بوونی دەزگایەکی پسپۆڕ، دەسەڵاتدار و سەربەخۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە داراییەکان ، ئەم دەزگایە ئەرکی ئەوەیە چاودێریی جموجووڵی نائاسایی سەرمایە بکات، رێگری لە بەهەدەردانی داهاتی گشتی بگرێت و بازاڕ لە شێواندنی بە ئەنقەست بپارێزێت.
کێشەی بنەڕەتی کاتێک سەرهەڵدەدات کە تێگەیشتن لە تاوانی ئابووری لە چوارچێوە تەسکەکەی تاوانی تاکە کەسی وەک دزیکردن قەتیس دەکرێت، لە وڵاتانی خاوەن سیستەمی کرێخۆری (رەیعی) وەک عێراق و هەرێمی کوردستان، مەترسیدارترین جۆری تاوانی ئابووری لە دەرەوەی دەسەڵاتەوە نایەت، بەڵکو (تاوانی دامەزراوەیی و پەردەپۆشکراوە بە بڕیاری فەرمی)؛ واتە تاوانێک کە دەسەڵاتداران و تۆڕە دەستڕۆیشتووەکان لە رێگەی ئامرازەکانی حوکمڕانی و بە بڕیار و فەرمانی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی جومگەکانی دەسەڵات ئەنجامی دەدەن.
بوونی دەزگایەکی نیشتمانی و پسپۆڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئابووری و داراییەکان، بەردی بناغەی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و سەقامگیریی سیستەمی دارایی هەر وڵاتێکە، لە سەردەمی هاوچەرخدا، مەترسیی تاوانە داراییەکان لە سنووری تاوانە باوەکانی وەک دزی و فێڵکاریی تاکەکەسی تێپەڕیوە و بووەتە تۆڕێکی ئاڵۆزی رێکخراو کە زیانی راستەوخۆ بە داهاتی دەوڵەت، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و بەهای دراوی نیشتمانی دەگەیەنێت، بوونی دامەزراوەیەکی لەم شێوەیە دەبێتە قەڵغانێکی پتەو بۆ چاودێریکردنی وردی جووڵەی سەرمایە، کەمکردنەوەی قەبارەی ئابووریی رەش و دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی لەبار کە تێیدا رکابەریی دادپەروەرانە لە بازاڕدا پارێزراو بێت و هیچ کەس و لایەنێک نەتوانێت لە سەرووی یاساوە قۆرخکاری بکات.
دەسەڵات لە دروستکردنی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ئابورییەوە بۆ بکەری تاوانی ئابورری
کاتێک دەسەڵات لە جیاتی دامەزراندنی دەزگایەکی سەربەخۆ و پسپۆڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە داراییەکان، خۆی دەبێتە بکەری سەرەکیی تاوانە ئابوورییەکان، فەلسەفەی حوکمڕانی لە پارێزەری سامانی گشتییەوە دەگۆڕێت بۆ تۆڕێکی رێکخراوی تاڵانکردنی سیستماتیک، لەم دۆخەدا، جومگە فەرمییەکانی دەوڵەت، دەروازە سنوورییەکان، کێڵگە نەوتییەکان و تەنانەت یاساکانیش لە رێڕەوی خزمەتکردنی بەرژەوەندیی گشتی دەردەهێنرێن و دەخرێنە خزمەت چەند بازنەیەکی تەسکی دەستڕۆیشتوو، فرۆشتنی سامانی نیشتمانی بە تانکەر لە دەرەوەی خەزێنەی گشتی، داهێنانی میکانیزمی نایاسایی وەک (تەنسیق) لە جیاتی گومرگ، و دابەشکردنی زەویی دەوڵەت بە فۆڕمی بێبنەما، چەند نموونەیەکی حاشاهەڵنەگری ئەو دۆخەن کە تێیدا تاوانی ئابووری ئیتر لە تاریکیدا ناکرێت، بەڵکو بە فەرمانی ئاشکرا، مۆری فەرمی و لەژێر پارێزبەندیی هێزەکانی دەسەڵاتدا بەڕێوەدەچێت.
ئاکامی ئەم وەرچەرخانە مەترسیدارە بریتییە لە ئیفلیجکردنی تەواوەتیی دامەزراوە چاودێری و دادوەرییەکان، چونکە دادگا و داواکاری گشتی لە لێپرسینەوەی گەندەڵییە گەورەکان بێدەنگ دەکرێن و رۆڵیان تەنها بۆ راوکردنی سەرپێچیکارە بچووکەکان کورت دەبێتەوە، کاتێک بکەری تاوان و دەسەڵاتداری جێبەجێکار دەبنە یەک جەستە، ئابووریی نیشتمانی بە تەواوی وێران دەبێت، کێبڕکێی ئازاد و دادپەروەرانە لەناو دەچێت و متمانەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بە کەرتی بانکی و وەبەرهێنان نامێنێت. لە دەرئەنجامدا، دەوڵەت یان هەرێم لە پێکهاتەیەکی یاساییەوە دەگۆڕێت بۆ سیستمێکی کرێخۆری قۆرخکار، کە تێیدا ژێرخانی وڵات و مافی نەوەکانی داهاتوو دەکرێنە قوربانیی کۆکردنەوەی سەرمایەی نایاسایی بۆ دەسەڵاتداران، و باجی ئەو تاوانانەش راستەوخۆ بە قەیرانی مووچە، گرانی و داڕمانی خزمەتگوزارییەکان لە گیرفانی هاووڵاتیی ئاسایی دەردەهێنرێت.
فۆڕمەکانی تاوانی ئابووریی رێکخراو لەژێر چەتری دەسەڵاتدا
ئەم جۆرە تاوانانە نەک تەنها زیان بە هاووڵاتی دەگەیەنن، بەڵکو خودی فەلسەفەی دەوڵەت و پێکهاتەی دارایی گشتی هەڵدەوەشێننەوە، دەکرێت دیارترین ئەو شێوازانە لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا دەستنیشان بکرێن:
1- بەقاچاخبردنی نەوت بە تانکەر و بەهەدەردانی داهاتی وزە
لە کاتێکدا هەناردەی فەرمیی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە لە ئازاری 2023ـەوە راگیراوە، بەڵام رۆژانە دەیان هەزار بەرمیل نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان بە تانکەر لە دەروازە سنوورییەکانەوە دەبردرێنە دەرەوە، ئەم پرۆسەیە لە رێگەی تۆڕێکی تەواو پارێزراوەوە بەڕێوەدەچێت؛ نەوتی کێڵگەکان بار دەکرێت، رێگەوبان و بازگەکانی دەسەڵات دەبڕێت و دەگاتە ئەودیو سنوور، لە کاتێکدا داهاتەکەی هیچ شوێنپێیەکی لە خەزێنەی گشتی و بودجەی فەرمیدا نییە. ئەمە قاچاخچێتییەکی ئاسایی نییە، بەڵکو تاڵانکردنی سامانی نیشتمانییە لەژێر چاوی دەزگا فەرمییەکاندا کە دەبوو پارێزەری ئەو سامانە بن.
2- بەدیلی گومرگی فەرمی (دیاردەی «تەنسیق»)
لە دەروازە سنوورییەکاندا میکانیزمێکی نوێ لە دەرەوەی یاسای گومرگ و باج بە ناوی «تەنسیق» دروست کراوە، ئەم دیاردەیە لە راستیدا سیستمێکی هاوتەریب و بەدیلە بۆ گومرگی فەرمی؛ بازرگانان لە جیاتی پێدانی رەسمی گومرگیی دیاریکراو بە دەوڵەت، لە رێگەی نێوەندگیر و کەسانی دەستڕۆیشتووەوە بڕە پارەیەکی دیاریکراو و بێ پسوولەی فەرمی دەدەن تاوەکو کاڵاکانیان بەبێ پشکنین و کۆنترۆڵی جۆری داخل بکرێت. ئەم داهاتە زەبەلاحە ناچێتە ئەژماری وەزارەتی دارایی، بەڵکو دەچێتە گیرفانی تۆڕە حزبی و کەسییەکانەوە، کە بە تەواوی ئابووریی نیشتمانی و کێبڕکێی بازاڕ وێران دەکات.
3- داگیرکردنی زەویی گشتی و فرۆشتنی لە رێگەی «فۆڕم»ـەوە
داگیرکردنی هەزاران دۆنم لە زەویی دەوڵەت لە دەوروبەری شارە گەورەکان و دابەشکردنی بەسەر هاووڵاتییان یان بازرگانان بە ناوی «فۆڕم»ـی بێ تاپۆ، نموونەیەکی دیکەی بەرچاوی تاوانی ئابووریی رێکخراوە. زەوییەکی نایاب کە موڵکی گشتی و نەوەکانی داهاتووە، بەبێ هیچ بنەمایەکی یاسایی و پلاندانانی شارستانی، لەلایەن کەسانی باڵادەستەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و دەفرۆشرێتەوە، بەمەش سامانێکی خەیاڵیی بێ باج و نایاسایی بۆ چەند کەسێک دروست دەبێت، و دواتریش بارگرانییەکی قورسی خزمەتگوزاری و قەرەبوو دەخرێتە سەر شانی حکومەت.
4- . دامەزراندنی بانک بۆ بردنە دەرەوەی دۆلار و سپیکردنەوەی پارە
لە عێراقدا کەرتی بانکی لە بری ئەوەی ببێتە بزوێنەری وەبەرهێنان، لە زۆر جومگەدا بووەتە ئامرازی بردنە دەرەوەی دراوی بیانی و سپیکردنەوەی سامانی گەندەڵی، زۆرێک لە بانکە ئەهلییەکان بە مەبەستی بەشداریکردن لە پەنجەرەی فرۆشتنی دراوی بانکی ناوەندی دامەزراون، کە لە رێگەی پسوولە و هاوردەی ساختەوە دۆلار بە نرخی فەرمی دەکڕن و لە بازاڕی رەش یان لە رێگەی حەواڵەی گوماناوییەوە دەینێرنە دەرەوەی وڵات؛ ئەمەش گەورەترین زیانی بە بەهای دینار و یەدەگی نەختینەیی وڵات گەیاندووە.
5- دزیی سەدە وەک لوتکەی تاوانی ئابووریی دەوڵەتی
دۆسیەی دزینی 2.5 ملیار دۆلار لە ئەماناتی باج لە عێراق (ناسراو بە دزیی سەدە)، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر ئەوەی تاوانی ئابووری لەم ناوچەیەدا چۆن ئەنجام دەدرێت. ئەم بڕە پارە خەیاڵییە لە رێگەی چەکی فەرمی، بە واژۆی بەرپرسانی باڵای دارایی و بە بەرچاوی سیستەمی چاودێرییەوە لە چەند مانگێکدا راکێشرا, ئەم دۆسیەیە نیشانی دا کە کاتێک گەندەڵی دەبێتە پێکهاتەیەک لەناو دەسەڵاتدا، چیتر پێویست بە دزینی نهێنی ناکات، بەڵکو یاسا و رێنماییەکان لە بەرژەوەندیی تاوانباران دادەڕێژرێنەوە.
پێویستیی دەربازبوون لە چاودێریی رووکەش
رووبەڕووبوونەوەی ئەم تاوانە ئابوورییە قووڵانە بە دەزگایەکی لاواز یان پۆلیسی ئاسایی ناکرێت کە تەنها دەسەڵاتی بەسەر کاسبکار و دوکاندارە بچووکەکاندا بشکێت, بۆ رزگارکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە داڕمان، پێویستە دەزگایەکی باڵای بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئابووری و داراییەکان دابمەزرێت کە ئەم مەرجانەی تێدابێت:
1- سەربەخۆییی راستەقینە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و حزب: پێویستە دەزگاکە پارێزبەندیی تەواوی یاسایی هەبێت و راستەوخۆ بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە ببەسترێتەوە، نەک بە وەزارەتەکان یان لایەنە ئەمنییە حزبییەکان.
2- دەسەڵاتی لێپرسینەوە لە گەورە بەرپرسان: توانای لێکۆڵینەوەی هەبێت لە داهاتی نەوت، دەروازە سنوورییەکان، گرێبەستە گەورەکان و حسابی بانکیی بازرگانانی دەسەڵات بەبێ هیچ هێڵێکی سوور.
3- بەستنەوە بە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی: هەماهەنگیی تەواوی لەگەڵ دەزگا نێودەوڵەتییەکانی وەک گرووپی کاری دارایی (FATF) هەبێت بۆ بەدواداچوونی ئەو پارانەی لە رێگەی کەرتی خانووبەرە، بانکەکان، و پڕۆژەی وەبەرهێنانی ساختەوە لە ناوخۆ و دەرەوە سپی دەکرێنەوە.