
سەرەتا
دیاریکردن و پێوانەکردنی رێژەی هەژاری پرسێکی هەستیار و بڕبڕەی پشتی دانانی سیاسەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانە بۆ هەر حکومڕانییەکی تەندروست، چونکە وێنەی راستەقینەی ئاستی ژیانی هاووڵاتییان و کارایی سیستەمی ئابووری دەردەخات، بەڵام لەو کۆمەڵگە و ناوچانەی کە دەستگەیشتن بە زانیارییەکان سنووردارە و شەفافییەت لە بڵاوکردنەوەی داتا راستەقینەکاندا بونیاد نەنراوە، دەسەڵاتی سیاسی هەوڵدەدات چەمکی هەژاری بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی پێناسە بکاتەوە، لەم جۆرە ژینگەیەی حکومڕانیدا، بەکارهێنانی پێوەرە کۆن و ناواقیعییەکان دەبێتە ئامرازێک بۆ دەستکاری کردنی ئامارەکان و داڕشتنی هێڵێکی دەستکرد بۆ هەژاری، تا لە رێگەیەوە رێژەی کەمدەرامەتی بە نزمتر لە واقیعی کۆمەڵگا پیشانبدرێت، ئەم خۆدزینەوەیە لە خستنەڕووی داتای راستەقینە، تەنها بە مەبەستی نیشاندانی وێنەیەکی گەش لە دەستکەوتە ئابوورییەکان و داپۆشینی قەیرانە ئابورری و کۆمەڵایەتییەکانە، کە پاشان راستەوخۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان باجەکەی دەدەن.
داتا فەرمییەکانی حکومەت چی دەڵێن؟
کاتێک سەیری راپۆرتە فەرمییەکان دەکەین، بە روونی ئەوە دەبینین کە حکومەتی هەرێم کار لەسەر نیشاندانی ئاستێکی نزمی رێژەی هەژاری دەکات ، بەو پێوەرانە کار دەکەن کە ساڵانێکی زۆرە کارێ پێناکریت و ناتوانێت وەڵامێکی دروستی پرسی هەژاری بداتەوە .
بە گوێرەی داتاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستەی ئاماری هەرێم (KRSO) رێژەی هەژاری لە پارێزگاکانی هەرێمدا بە تێکڕا بە ٪8.6 دیاری دەکات (کە بەپێی پارێزگاکان لەنێوان ٪5.9 لە هەولێر تا ٪15 لە دهۆک دابەش بووە). حکومەتی هەرێم ئەم ژمارانە وەک بەڵگەی سەقامگیریی ئابووریی ناوچەکە بەراورد بە عێراق دەخاتە روو.
بە گوێرەی راگەیەنراوی حکومەتی هەرێم بڕی دیاریکراو بۆ دەربازبوون لە هێڵی هەژاری بۆ هەر تاکێک لە دەوروبەری 110,000 دیناری عێراقی لە مانگێکدا دیاری کردووە (کە دەکاتە دەوروبەری 3600 دینار لە رۆژێکدا). لەسەر ئەم بنەمایە، لە روانگەی فەرمیی حکومەتەوە، خێزانێکی 4 کەسی ئەگەر داهاتی مانگانەی کۆی ئەندامەکانی بگاتە 440,000 دیناری عێراقی، بە فەرمی لە هەژاری رزگاری بووە و لە زۆنی سەلامەتی ئابووریدا پۆلێن دەکرێت.
کارکردنی حکومەت بە میتۆدە کۆنەکان
هەژاری لەسەر بنەمای “تەنها مانەوە لە ژیاندا”
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی رێژەی هەژاری پشت بە کۆمەڵێک رێگە و میتۆدی کۆن دەبەستێت کە لەگەڵ ژیانی ئەمڕۆدا ناگونجێن، کێشەی سەرەکیی ئەم رێگەیانە ئەوەیە کە هەژارییان تەنها لە “مردن لە برسان” یان “مانەوە لە ژیاندا” کورتکردۆتەوە، لە کاتێکدا پێویستییەکانی ژیان زۆر لەوە بەرفراوانترە ، حکومەت بۆ ئەوەی رێژەی هەژاری زۆر نزم پیشان بدات، سوود لە دوو پێوەری تەقلیدی وەردەگرێت:
یەکەمیان : پێوەری داهاتی رەها (هێڵی نێودەوڵەتیی هەژاری):
ئەم پێوەرە تەنها بڕێکی کەم لە پارەی وەک خەرجی پێویست لە هەژاری تەرخان کردوە ، بۆ نموونە بانکی جیهانی بڕی 2.15 دۆلار یان لە باشترین حاڵەتدا 3.6دۆلاری رۆژانەی بۆ تاکی کۆمەڵگە هەژارەکان دیاری کردووە، بەکارهێنانی ئەم ژمارە بچووکانە بۆ کوردستان زۆر ناواقیعییە، چونکە بە تەواوی خەرجییە گەورەکانی وەک کرێی خانوو و خزمەتگوزاری و پێداویستیەکانی گواستنەوە وتەندروستی لەبەرچاو ناگرێت.
دوەم : میتۆدی تێچووی پێداویستییە بنەڕەتییەکان (CBN):
ئەم میتۆدە لەسەر ئەوە بونیاد نراوە کە تاک لە رۆژێکدا چەند کالۆری لە خۆراک پێویستە (کە بە دەوروبەری 2,100 کالۆری دانراوە)، بڕە پارەیەکی زۆر کەمیش بۆ جلوبەرگ زیاد دەکرێت، کە لە عێراق و هەرێمدا دەکاتە نزیکەی 4,500 بۆ 5,000 دیناری رۆژانە، رەخنەی سەرەکی ئەوەیە کە مرۆڤ تەنها بە نان و خۆراک ناژێت؛ ئەگەر کەسێک نانی هەبێت بەڵام توانای چارەسەری تەندروستیی نەبێت، بەپێی ئەم میتۆدە بە هەژار هەژمار ناکرێت!
ئەم میتۆدە کۆنانە وادەکەن کە رێژەی هەژاری لەسەر کاغەز و لە ئامارە فەرمییەکاندا زۆر نزم دەربکەوێت، لە کاتێکدا لە واقیعئ کۆمەڵگا زۆر زیاترە، لە کوردستاندا، کاتێک خێزانەکان ناچارکراون خەرجیی کارەبای مۆلیدە، ئاو، چارەسەری پزیشکی، خوێندن و هاتووچۆ لە گیرفانی خۆیان بدەن، بەکارهێنانی پێوەرێک کە تەنها نان و بەرگ بژمێرێت، ساختەکارییەکی گەورەیە، ئەم شێوازە رێژەی هەژاری کەم دەکاتەوە، بەڵام لە راستیدا ملیۆنان هاووڵاتی لە خوارهێڵی هەژارییەوەن
هەژاری فرەڕەهەند ، پێوەرە راستەقینەکەی دیاریکردنی هەژاری
یەکێک لە گرنگترین و نوێترین پێوەرە جیهانییەکان کە گوزارشت لە راستیی ئاستی هەژاری دەکات، پێوەری هەژاریی فرەڕەهەند (Multidimensional Poverty Index – MPI)یە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و بانکی جیهانییەوە پەرەی پێدراوە. ئەم پێوەرە هاتووەتە جێگەی میتۆدە تەقلیدییە کۆنەکان، چونکە بڕوای وایە هەژاری تەنها نەبوونی خۆراک یان جلوبەرگ نییە، بەڵکو بێبەشبوونی مرۆڤە لە کۆمەڵێک ماف و خزمەتگوزاریی بنەڕەتی بۆ ژیانێکی شایستە، هەرێمی کوردستان ئەم پێوەرەی فەرامۆشکردوە چونکە یارمەتی نادات لە شاردنەوەی رێژەی هەژاری.
پێوەری هەژاری فرەرەهەند لەسەر سێ بنەمای سەرەکی بونیاد نراوە کە بریتیین لە:
- کواڵێتیی پەروەردە و فێرکردن: چەندایەتی و چۆنایەتیی دەستگەیشتنی منداڵان بە خوێندن و بێبەشنەبوونیان لە پەروەردە و زانیاری و تەکنەلۆجیا.
- کەرتی تەندروستی و پاراستنی کۆمەڵایەتی: توانای دەستگەیشتن بە چارەسەری پزیشکیی گونجاو، دەرمان، و نەبوونی مەترسی لەسەر تەندروستیی خێزان.
- ئاست و کواڵێتیی ژیان: بوونی نیشتەجێبوونی شایستە، ئاوی پاکی خواردنەوە، تێچوی گواستنەوە و دابینکردنی کارەبا و تۆڕەکانی پەیوەندی .
گرنگیی سەرەکیی پێوەری هەژاریی فرەڕەهەند لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە تێگەیشتنێکی زانستی و واقیعی بۆ ئاستی گوزەرانی هاووڵاتییانی کوردستان دەبەخشێت و بەرپەرچی خۆخەڵەتاندنی ئاماری و دەستکاریی پێناسی هەژاری دەگرێتەوە، تاوەکو وێنەی راستەقینەی ئابووریی خێزانەکان نیشان بدات، هاوکات ئەم پێوەرە نەخشەڕێگایەکی روون بۆ رزگاربوون لە هەژاری دەکێشێت و دەیسەلمێنێت کە دەربازبوونی راستەقینەی کۆمەڵگە تەنها بە دابینکردنی بڕێک پارەی ئاسایی یان نان نایەتە دی، بەڵکو پێویستی بە بونیادنانەوەی ژێرخانی کەرتی تەندروستیی گشتی، باشکردنی کۆمەڵایەتیی پەروەردە، و دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک ئاو و کارەبای بەردەوام هەیە، تەنها لە رێگەی دانپێدانان بەم پێوەرە هاوچەرخەوە حکومەت دەتوانێت سیاسەت و بەرنامەیەکی دارایی کارامە دابڕێژێت کە توانای بنبڕکردنی راستەقینەی هەژاریی لە کۆمەڵگەدا هەبێت.
خەمڵاندنی خەرجییەکانی خێزانێکی 4 کەسی بۆ دەربازبوون لە هێڵی هەژاریی
بە پشتبەستن بە پێوەری هەژاری فرە رەهەند، دەکرێت دەستنیشانی خەرجی خێزانێکی پێکهاتوو لە چوار کەس (دوو گەورە و دوو منداڵ) بکەین ، ئەکرێت بەمشێوەیە پێویدستیەکانی بدیاری بکەین کە پێویدست بێت بۆ بەدیهێنانی لانیکەمی ئاستی گوزەران ، کرێی شوێنی نیشتەجێببون 250 هەزار ، تێچوی خۆراک و جلوبەرگ 400 هەزار ، خەرجی تەندروستی و دەرمان و پەروەردەو فێرکردن 200 هەزار ، خەرجی گواستنەوە و پەیوەندی و کارەبا و ئاوو سوتەمەنی 300 هەزار بەمەش کۆی خەرجی خێزانێک بۆ ئەوەی لەسەروو هێڵێ هەژارییەوە بێت خێزانێکی چارکەسی پێویدستی بە 1 ملێون 150 هەزار دیناری عێراقی هەیە
دەرئەنجام
رێژەی نزمی هەژاری لە ئامارە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستاندا، دەرئەنجامی ئامرازێکی ماتماتیکی و داڕشتنەوەی پێوەرەکانە نەک نیشاندەری رادەی خۆشگوزەرانی ئابووری، پاراستنی ئەم میتۆدۆلۆژییە کۆنانە وادەکات سیاسەتی گشتیی ئابووری نەتوانێت ئاراستەی دروستی خۆی وەربگرێت و بەشێوەیەکی راست و دروست لە دیاردەی هەژاری تێبگات و هەوڵی چارەسەرکردنی بدات