وتەبێژی حکومەتی عێراق: رەنگە سوپای عێراق بنێرینە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان

حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، هۆشداریی توندی دایە هەر لایەنێک کە ببێتە رێگر لە بەردەم لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانی دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوت، و رایگەیاند کە ئەو لایەنانە رووبەڕووی یاسا دەبنەوە. هاوکات ئاماژەی بە ئەگەری ناردنی سوپای عێراق بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کرد، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئەو دۆسیەیە.

عەبودی لە لێدوانێکدا سەبارەت بە هەنگاوەکانی حکومەت بۆ رێگریکردن لە بەقاچاخبردنی نەوت و پاراستنی سامانی گشتی، رایگەیاند کە هەر کەسێک ببێتە کۆسپ لە بەردەم ئەو هێزە ئەمنییانەی بە بەدواداچوونی ئەم دۆسیەیە راسپێردراون، راستەوخۆ رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە. وتیشی ئەگەری هەیە هێزەکانی سوپای عێراق بچنە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیش بۆ جێبەجێکردنی هەمان ئەرک.

هێزە فیدراڵییەکان لە هەرێمدا: شتێکی نوێ نییە

جێگیرکردنی سوپای عێراق و هێزە فیدراڵییەکان لە سنووری ئیداریی هەرێمی کوردستاندا رووداوێکی نوێ نییە، بەڵکو پێشتریش لە چەند خاڵ و ناوچەیەکی دیاریکراودا بوونیان هەبووە، کە بەسەر سێ ئاستدا دابەش دەبن:

یەکەم: هێزەکانی پاسەوانی سنوور

لەسەر سنوورە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئێران جێگیرکراون (وەک سیدەکان، سۆران، ئامێدی، زاخۆ، پێنجوێن و هەڵەبجە). ئەرکیان پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکانە. زۆرینەی رەهای ئەفسەر و سەربازەکانی ئەم هێزە خەڵکی هەرێمی کوردستانن، بەڵام لە رووی ئیداری و سەربازییەوە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقن.

دووەم: ناوەندەکانی هەماهەنگیی هاوبەش

لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک ناوەندی هاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق هەن، کە تەنیا ژمارەیەکی دیاریکراو ئەفسەری عێراقییان تێدایە. ئەرکیان ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری و رێکخستنی جووڵە سەربازییەکانە لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

سێیەم: لیوا نوێیەکانی پاسەوانی سنوور (٢٠٢٢ – ٢٠٢٤)

بەهۆی بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا و ئێران لە ناوچە سنوورییەکان، بە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، چەند لیوایەکی نوێی پاسەوانی سنوور دروستکران و لە خاڵە سفرییەکانی سنووری نێوان هەرێم و هەردوو وڵاتی دراوسێ جێگیرکران.

هەڵوێستی هەرێمی کوردستان چییە؟

هەرێم بە فەرمی پێشوازیی لە جێگیرکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنوور کردووە، چونکە بەپێی دەستوور پاراستنی سنوورەکان ئەرکی حکومەتی فیدراڵییە، و پێی وایە بوونی ئاڵای عێراق و هێزی فیدراڵی لەو خاڵانە بیانووی وڵاتانی دراوسێ بۆ بۆردوومانکردن و بەزاندنی خاک کەمدەکاتەوە.

سەبارەت بە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠، هەرێمی کوردستان بوونی تاکلایەنەی هێزە عێراقییەکان (بەتایبەت حەشدی شەعبی) لەو ناوچانە رەتدەکاتەوە، و بەردەوام داوا دەکات دۆسیەی ئەمنیی ئەو ناوچانە لە رێگەی پێکهێنانی لیوای هاوبەش (لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق) بەڕێوەببرێت، بۆ ئەوەی بۆشایی ئەمنی دروست نەبێت و رێگری لە جموجۆڵەکانی داعش بکرێت، بەڵام بەغدا تا ئێستا وەڵامی ئەم داوایەی نەداوەتەوە.

هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە هاتنەناوەوەی سوپای عێراق بۆ ناو سنووری ئیداریی پارێزگاکانی هەرێم نادات، و ئەمە بە هێڵی سوور و پێشێلکردنی سەروەریی دەستووریی هەرێم دەزانێت.