فرۆشی دۆلاری بانکی ناوەندیی عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمدا بە رێژەی 54.2%  بەرزبووەتەوە

بەپێی نوێترین ئامارە فەرمییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، فرۆشی دراوی بیانی لە ماوەی مانگی تشرینی یەکەمی (10)ی 2026ـدا بە رێژەی 54.2% بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە و گەیشتووەتە 6 ملیار و 201 ملیۆن دۆلار، لە کاتێکدا لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا 4 ملیار و 21 ملیۆن دۆلار بووە، بەمەش بڕی فرۆشتنەکە 2 ملیار و 180 ملیۆن دۆلار زیادی کردووە.

داتاکان دەریدەخەن کە پشکی شێری فرۆشەکان بۆ بەهێزکردنی باڵانسی بانکە عێراقییەکان لە دەرەوە (حەواڵە) تەرخان کراوە بە بڕی 6 ملیار و 70 ملیۆن دۆلار، لە کاتێکدا فرۆشی کاش تەنیا 131 ملیۆن دۆلار بووە.

سەرەڕای ئەم هەڵکشانە مانگانەیە، لەسەر بنەمای ساڵانە فرۆشی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بە رێژەی 4.5% کەمی کردووە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی 2025 کە ئەوکات 6 ملیار و 491 ملیۆن دۆلار بوو.

لەسەر ئاستی 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـیش، کۆی گشتیی فرۆشی دۆلاری بانکی ناوەندی گەیشتووەتە 45 ملیار و 493 ملیۆن دۆلار، ئەمەش پاشەکشەیەکی بەرچاوە بە ڕێژەی 32.4% بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2025 کە تێیدا 67 ملیار و 272 ملیۆن دۆلار فرۆشرابوو.