
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، نزار ناسر حوسێن، رایگەیاند زانیارییە بڵاوکراوەکان سەبارەت بە چاپکردنی دراوی نەختینە دروست نین. هەروەها وتی جیاوازیی نێوان نرخی فەرمیی دۆلار و نرخی بازاڕی ئازاد، لە 24%ەوە دابەزیوە بۆ 9%.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ی تشرینی یەکەمی 2026، میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردووەتەوە، ئەو لێدوانانە لە کاتی سەردانی لیژنەی وەبەرهێنان و گەشەپێدان بۆ بانکی ناوەندی دراون. شاندەکە بە سەرۆکایەتی ناهیدە داینی، سەرۆکی تەمەنی لیژنەکە، کاریگەریی گۆڕینی نرخی دۆلاری لەسەر وەبەرهێنان و کۆمپانیا ناوخۆییەکان تاوتوێ کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا، لیژنەکە لە هەنگاوەکانی بانکی ناوەندی بۆ پشتگیریکردنی ئابووری ئاگادار کراوەتەوە، لەوانە پاڵپشتیکردنی بانکە حکومی و تایبەتەکان بۆ دابینکردنی قەرزی ئاسان بە بڕی 5 ملیۆن تا 15 ملیۆن دینار بۆ هاووڵاتیان.
لیژنەکە داوای کردووە کاریگەریی گۆڕانی نرخی ئاڵوگۆڕ لەسەر تێچووی پڕۆژەکان، نرخی کەرەستە سەرەتاییەکان و پابەندییە گرێبەستییەکان کەم بکرێتەوە. هەروەها جەختی لە ئاسانکردنی داراییپێدان و پاراستنی توانای کڕینی هاووڵاتیان کردووەتەوە.