
حکومەتی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، رێکارە ئەمنی و سەربازییە جێبەجێکراوەکانی شنگال، تێکەڵکردن و رێکخستنەوەی ئەندامانی یەکەکانی پاراستنی شنگال لە چوارچێوەی هێزە چەکدارە فەرمییەکان و وەرگرتنی پێگەکانیان لە چیای شنگالی گرتووەتەوە.
سەباح نەعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2026، رایگەیاند ئەو پێگانە بەگوێرەی ئەرک و پسپۆڕی رادەستی یەکەکانی سوپای عێراق و پێکهاتە فەرمییەکانی دیکە کراون. جەختی کردەوە کە بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیەیە لە دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەت و فەرماندەییە ئەمنییە فیدراڵییەکانە.
وتیشی، بە رێنمایی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لیژنە تایبەتمەندەکان بەردەوامن لە کارکردن بۆ تەواوکردنی بەرنامەی قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.
وتەبێژەکە هەروەها رایگەیاند، حکومەتی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی ناوخۆیی شنگال، کار لەسەر ئاوەدانکردنەوە، قەرەبووکردنەوەی خێزانە قوربانییەکان و خێراکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات.
بەپێی لێدوانەکە، ئەم هەوڵانە ئامانجیان گەیشتنە بە هەڵبژاردنی حکومەتێکی ناوخۆیی بۆ قەزاکە بەپێی یاسا، کە نوێنەرایەتیی دانیشتووان بکات و رەزامەندییان هەبێت. بەڵام هیچ بەروارێک بۆ ئەو هەڵبژاردنە دیاری نەکراوە.
حکومەتی عێراق پێشتر لە 26ی تشرینی یەکەمدا دەستپێکردنی رێکارەکانی پچڕاندنی پەیوەندیی سەربازیی یەکەکان، تێکەڵکردنیان بە دامەزراوە فەرمییەکان و گواستنەوەی بەرپرسیارێتیی ئەمنیی چیای شنگال بۆ دەسەڵاتە فیدراڵییەکانی راگەیاندبوو.