
بانکی حکومیی رافیدەین لە عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2026، دەرگای داواکاریی بەشی دووەمی قەرزە ئەلیکترۆنییەکانی بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان کردەوە و رایگەیاند، دوای تەواوکردنی پشکنینە پێویستەکان، بڕی قەرزەکە لە ماوەی 72 کاتژمێردا دەدرێت بە داواکاران.
سەیف ریاز، بەڕێوەبەری بەشی کارت و پارەدانی ئەلیکترۆنی لە بانکەکە، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتی، بەشی یەکەمی قەرزەکان کە 5,000 فەرمانبەر و خانەنشینی گرتبووەوە، تەواو کراوە و پارەکە بە سەرجەم سوودمەندان دراوە.
بە وتەی ئەو، بەشی دووەمیش بۆ 5,000 داواکار کراوەتەوە. پێش پێدانی پارەکە، پشکنینی ئەلیکترۆنی و پشکنینی بانکی ناوەندی بۆ داواکاران ئەنجام دەدرێت.
بەڕێوەبەری بەشی کارت و پارەدانی ئەلیکترۆنی رایگەیاند، سوودی بانک بۆ ئەم قەرزانە 6%ـە و گەڕاندنەوەی پارەکە بە قیست بۆ ماوەی 60 مانگ، واتە 5 ساڵ، دەبێت.
روونی کردەوە، ئەم قەرزە جۆری تەواوکاریی قەرزی پێشوو نییە، بۆیە داواکار نابێت پابەندییەکی ئەلیکترۆنیی پێشووی نەدراوی لەسەر بێت. بەڵام ئەگەر قەرزە پێشووەکەی بە تەواوی دابێتەوە، دەتوانێت داوای ئەم قەرزە نوێیە بکات.