کەتائیبی حیزبوڵڵا: لیژنەکەی زەیدی لەبارەی جورف سەخر راستییەکانی شێواندووە

ئەبو تاڵب سەعیدی، یەکێک لە فەرماندەکانی کەتائیبی حزبوڵای عێراق، رایگەیاند گرووپەکەیان نایەوێت لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان شەڕ بکات و لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی بە شێواندنی راستییەکانی دۆسیەی نەوت لە جورف سەخر تۆمەتبار کرد.

سەعیدی ئەمڕۆ سێشەممە، 17ی تشرینی دووەمی 2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ناوچەکە وتی، هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان کەتائیبی حیزبوڵڵا و هێزە ئەمنییەکان خەونێکی دوورە. هەروەها وتیشی گرووپەکەیان بە هیچ پۆستێک بەشداریی لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا نەکردووە.

لەبارەی پرسی بەقاچاخبردنی نەوتەوە، سەعیدی وتی ئەو شوێنەی حکومەت بە پاڵاوگە ناوی دەبات، کارگەیەکی سادە و بەجێهێڵراوە و تەنها لە کاتی قەیرانی سووتەمەنیدا بەکاری دەهێنن. بە وتەی ئەو، شوێنەکە نزیکەی پێنج کیلۆمەتر لە سێ بۆرییە نەوتییەکە دوورە.

دەشڵێت سووتەمەنییەکە بە پارەی خۆیان دەکڕن و لە کارگەکەدا دەیگۆڕن بۆ گازۆیل، بۆ کارپێکردنی مۆلیدەکانی کارەبا و ئامێر و ئۆتۆمبێلەکانیان.

سەعیدی هەروەها وتی هەموو بەشەکانی جورف سەخر، لە بەردەم لیژنەی لێکۆڵینەوەدا کراوە بوون و هیچ سنووردارکردنێک بۆ جووڵەی ئەندامانی لیژنەکە دانەنراوە. ئەو لێدوانەکانی حکومەتی لەبارەی سەردانەکە و شوێنەکانی پاڵاوتنی نەوت بە هەوڵی ورووژاندنی گرژی وەسف کرد و وتی دۆسیەکە رەهەندی سیاسی هەیە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، دوێنێ رایگەیاندبوو لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە دەستکاریکردنی بۆرییە نەوتییەکان و بوونی پاڵاوگە و کۆگا و تانکەری لە ناوچەکە تۆمار کردووە. بە وتەی عەبوودی، عەلی زەیدی فەرمانی بە چوونەناوەوەی هێزە چەکدارەکان داوە و مۆڵەتێکیش بۆ دەرچوونی کەتائیبی حزبوڵا دیاری کراوە.