
مەسرور بارزانی، سەرۆکی کاربەڕێکەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە لە ڕەشنووسی بودجەی ٢٠٢٧ی عێراقدا جیاوازییەکی دارایی گەورە هەیە، بە جۆرێک لە کاتێکدا ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم ١٤.١٤٪ی عێراق پێکدەهێنێت و شایستەی دارایی هەرێم بە نزیکەی ٣٠ ترلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت، بەڵام بەغدا تەنیا ١٣ ترلیۆن دیناری بۆ تەرخان کردووە و هیچ بڕە پارەیەکیشی لە خەرجییە سیادی و حاکیمەکان بۆ هەرێم جێگیر نەکردووە.
سەبارەت بە دۆسیەی داهات و خەرجییەکانی بەکاربردن و وەبەرهێنان، سەرۆکی کاربەرێکەری حکومەت ڕوونیکردەوە کە دوو سیناریۆی دارایی خراونەتە بەردەم هەولێر، یەکەمیان گەڕاندنەوەی نیوەی داهاتەکانە بۆ بەغدا لە بەرامبەر لەئەستۆگرتنی تەواوی خەرجییەکانی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، دووەمیشیان مانەوەی تەواوی داهاتی نانەوتی لە هەرێم و ڕادەستکردنی تەواوی نەوت بە کۆمپانیای (سۆمۆ)، بەڵام جەختی کردەوە کە دوای گەڕانەوەیان لە بەغدا دەستکاریی ئەم پرەنسیپە دەستکاریکراوە و بڕگەی نوێیان بۆ زیاد کراوە.
لە ڕووی ڕێکارە کارگێڕییەکانەوە، پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٧ کە لە ٢٧ی ئەیلوول لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری کرا و دواتر گەیشتە ئەنجوومەنی وەزیران، هێشتا ناکۆکیی لەسەرە و لە ٤ی تشرینی یەکەمیشدا لیژنەی دارایی پەرلەمان نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی پێشوەختە ئاگاداری ناوەڕۆک و ژمارەکانی پرۆژەکە نەکراونەتەوە.