
بانکی ناوەندیی عێراق گەیشتنی دوو باری دۆلاری نەختی لە ئەمریکاوە راگەیاند، کە هەر یەکێکیان نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار هەڵگرتووە، هاوکات رایگەیاند کە باری دیکەش لە رۆژانی داهاتوودا دەگاتە وڵات.
مەحمود داغر، راوێژکاری پارێزگار و وتەبێژی بانکی ناوەندی، ئەمڕۆ سێشەممە 27ی تشرینی یەکەمی 2026 وتی، دوو فڕۆکەی هەڵگری دراوی ئەمریکی گەیشتوونەتە عێراق و سەرۆکوەزیران بەدواداچوون بۆ بەردەوامیی گەیشتنی بارەکان دەکات.
وتەبێژی بانکەکە دڵنیایی بە هاووڵاتییان دا کە دۆلاری نەخت بەردەستە. بە وتەی ئەو، بەردەوامبوونی گەیشتنی بارەکانی داهاتوو بە دۆخی ئاسایشیشەوە پەیوەستە.
داغر هەروەها رایگەیاند، کۆی باڵانسی دۆلاری بانکی ناوەندی و حکومەتی عێراق لە حسابەکانی فیدراڵی ئەمریکا، لە مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەمدا باشتر بووە و دوای دابەزین بۆ نزیکەی 73 ملیار دۆلار، گەڕاوەتەوە بۆ نزیکەی 80 ملیار دۆلار. ئەو باشبوونەوەیەی بە زیادبوونی داهاتی هەناردەی نەوتەوە بەستەوە و وتی یەدەگی زێڕیش لە ئاستی 170 تۆن ماوەتەوە.
جەختی کردەوە کە گرنگیی یەدەگی دراوی بیانی تەنها بە قەبارەکەی ناپێورێت، بەڵکو بە توانای دابینکردنی پێداویستیی بازرگانیی دەرەوە و پابەندییە داراییەکانی وڵاتە. هەروەها داوای لە وەزارەتی دارایی کرد سەرچاوەکانی داهات هەمەجۆر بکات، بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت و فشار لەسەر یەدەگی دراو.