ئاشکرابوونی دۆسیەیەکی گەندەڵی وەزارەتی کارەبای عێراق بە بەهای 6 ملیار دینار

دەستەی دەستپاکیى فیدراڵیی عێراق بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ بەڕێوەبەری پێشووی دابەشکردنی کارەبای پارێزگای موسەنا و 12 تۆمەتباری دیکە جێبەجێ کرد، ئەوەش لە دۆسیەیەکی بەهەدەردانی سامانی گشتیدا بە بەهای زیاتر لە 6 ملیار دینار (نزیکەی 4.1 ملیۆن دۆلار).

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی دەستەی دەستپاکی، تیمی مەیدانیی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی موسەنا، دوای بەدواداچوون و وردبینی لە لقی موسەنای کۆمپانیای گشتیی دابەشکردنی کارەبای باشوور، توانیویانە بەهەدەردانی 6.15 ملیار دینار ئاشکرا بکەن، کە لە رێگەی کڕینی کەرەستە و پێداویستیی کارەباییەوە بووە بەبێ ئەوەی پێویستیی راستەقینەیان پێی هەبووبێت.

دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوە کردووە، بەڕێوەبەری پێشووی بەڕێوەبەرایەتییەکە لەگەڵ تۆمەتبارانی دیکە لە ساڵی 2024دا دەستکاریی قەبارەی یەکەی پێوانەکردن و داواکارییەکانی کڕینیان کردووە، بە مەبەستی شاردنەوە و کڕینی زۆرترین ژمارەی بۆردی کارەبایی، بەشێکی زۆری ئەو کەلوپەلانەش بەبێ بەکارهێنان ماونەتەوە و تاوەکو ئێستاش دانەمەزراون.

لە نێو ئەو کەلوپەلانەی کڕدراون، 48 بۆردی باشترکردنی فاکتەری توانست (Power Factor) هەن کە گواستراونەتەوە بۆ کۆگاکانی کەرەستەی بەکارهاتوو. هاوکات لەلایەن تیمەکانەوە دەست بەسەر کەرەستە کۆگاکراوەکان و نوسراوی مامەڵەی خەرجکردنی کڕینی (پانێڵی دووانی)دا گیراوە.

دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە موسەنا بڕیاری دا بە راگرتنی بەڕێوەبەری پێشووی دابەشکردنی کارەبای موسەنا و 12 فەرمانبەری دیکە، کە پێکهاتوون لە: بەڕێوەبەری پێشووترى ژمێریاری، بەڕێوەبەری فرۆشتن، بەرپرسانی هۆبەکانی وردبینیی ناوخۆیی، وێستگەکان، کۆگای بەکارهاتووەکان و ئەندامانی لیژنەی کڕین، بڕیارەکەش بەپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی دراوە.

هەروەها فەرمانی دەستگیرکردن و پشکنین بۆ سێ فەرمانبەری دیکە دەرچووە کە یەکێکیان بەڕێوەبەری پێشووی ژمێریاریی بەڕێوەبەرایەتییەکەیە، لەگەڵ بڕیاری قەدەخەکردنی گەشتکردن بۆ سەرجەم تۆمەتباران بەهۆی زیانگەیاندنی ئەنقەست بە سامانی گشتی و بەرژەوەندیی ئەو دەزگایەی کاری تێدا دەکەن.

شیاوی باسە، لە هەرێمی کوردستان وێرای ئەوەی هەموو لایەنەکان دانیان بە بوونی گەندەڵیدا ناوە ، بەڵام تا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر گەندەڵی دەستگیر نەکراوە، بەرەنگاوبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان لە سنووری قسەکردن دەرنەچووە و بە کردار جێبەجێ نەکراوە.