
بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، رایگەیاند پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا بەهۆی هەنگاونەنانی دەوڵەتەوە تووشی وەستان و بەستەڵەکبوون بووە. ئەو جەختی کردەوە، پێشکەوتنی پرۆسەکە پێویستی بە فەرمیکردنی پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دابینکردنی دەرفەتی ئازادانەی کارکردنی هەیە.
بەسێ هۆزات لە بەرنامەیەکی تایبەتی “مەدیا خەبەر تیڤی”دا، دوا گەشەکانی پرۆسەکە، دۆخی زیندانەکان و فشارەکانی سەر رۆژنامەوانان و ئۆپۆزسیۆنی تورکیای هەڵسەنگاند.
هەنگاوی مێژوویی نراوە، بەڵام وەڵامی جدی نەدراوەتەوە
بەسێ هۆزات وتی بزووتنەوەی کورد لە دوو ساڵی رابردوودا چەند هەنگاوێکی گرنگی ناوە، لەوانە وەستاندنی خەباتی چەکداری دژی تورکیا، کشاندنەوەی هێزەکانی گەریلا لە ناو سنوورەکانی ئەو وڵاتە و چۆڵکردنی ژمارەیەک ئەشکەوت لە نزیک و دوور لە سنوور.
بە وتەی ئەو، ئەم هەنگاوانە نیشاندەری جدیبوون و پابەندبوونی بزووتنەوەکەن بە پرۆسەکە، بەڵام دەوڵەت لە بەرامبەردا بنەمای سیاسی و یاسایی پێویستی بۆ گواستنەوە بۆ خەباتی دیموکراتیک ئامادە نەکردووە.
بەسێ هۆزات روونیکردەوە کە لە کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەدا، مەرجی بنەڕەتی ئەوە بووە ئۆجەلان بتوانێت بە ئازادی پرۆسەکە بەڕێوە ببات و هەنگاوی سیاسی، یاسایی و دیموکراتیک بنرێت. بەڵام بە وتەی ئەو، گەشەیەکی پێویست لەم بوارانەدا رووی نەداوە.
وەڵامی هەواڵەکانی چۆڵکردنی بنکەکان
بەسێ هۆزات هەواڵ و بانگەشەکانی میدیا نزیکەکانی دەسەڵات لەبارەی چۆڵکردنی ئەشکەوتەکانی خواکورک، خنێرە و گارە و رادەستکردنی چەک، بە بەشێک لەوە ناوبرد کە “شەڕی تایبەت”ی دەناوێت.
دەڵێت تورکیا لەبری چارەسەری بنەڕەتی، بە هێنانە پێشەوەی ئەم بابەتانە هەوڵی کڕینی کات و دروستکردنی کەشێکی جیاواز دەدات.
بە وتەی هۆزات، ئەگەر دەوڵەت بنەمای سیاسی و یاسایی دروست بکات و رێگە بە خەباتی دیموکراتیک بدات، بابەتەکە تەنها چۆڵکردنی ناوچەیەکی دیاریکراو نابێت، بەڵکو گەریلا دەتوانێت لە هەموو ناوچەکاندا چەک دابنێت و بە شێوەیەکی رێکخراو بەشداریی سیاسەتی دیموکراتیک بکات.
رەخنەی توند لە محەممەد ئۆچوم
هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری کەجەکە، لە وەڵامی لێدوانەکانی محەممەد ئۆچوم، راوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیا، لەبارەی ئۆجەلان، تۆمەتی خستە پاڵ ئەو کە نوێنەرایەتیی ئاراستەیەک لەناو دەوڵەتدا دەکات کە لەسەر “ناچارەسەری، شەڕ و نکوڵیکردن” بەردەوامە.
هۆزات پێگەی ئۆجەلانی بە بەشێکی دانەبڕاو لە چارەسەری پرسی کورد دانا و وتی: تا ئۆجەلان ئازاد نەبێت، پێگەکەی فەرمی نەکرێت و نەیتوانێت بە ئازادی ئەم پرۆسەیە بەڕێوە ببات، ئاشکرایە گەریلا لەمەودوا تەنانەت هەنگاوێکیش نانێت.
ئەو هەڵسوکەوت لەگەڵ ئۆجەلانی بە پێوەرێک بۆ هەڵوێستی دەوڵەت بەرامبەر کورد و پرسی کورد ناوبرد.
زیندانەکان: خاڵێکی سەرەکیی بێمتمانەیی
هۆزات لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، رەخنەی لە بەردەوامبوونی راگرتنی زیندانییە سیاسییەکان گرت. بە وتەی ئەو، هەندێک زیندانی دوای 30 یان 32 ساڵ مانەوە لە زیندان، هێشتا ئازاد ناکرێن و ئازادکردنیان دوا دەخرێت.
هەروەها باسی زیندانییە بەتەمەن و نەخۆشەکانی کرد کە بە نەخۆشییە قورسەکانی وەک شێرپەنجە و نەخۆشیی دڵ تووشن و، بە وتەی ئەو، لەگەڵ ئەوەشدا لە زیندان دەهێڵدرێنەوە.
هۆزات ئەم مامەڵەیەی بە هۆکاری قووڵبوونەوەی تووڕەیی، نیگەرانی و بێمتمانەیی بەرامبەر دەوڵەت و پرۆسەکە دانا. ئەو پرسی: کاتێک خەڵک گۆڕانکاری لە دۆخی ئۆجەلان و زیندانییەکاندا نابینن، چۆن متمانە بە پرۆسەکە دروست دەبێت؟
“بەبێ دیموکراتیکبوون، پرۆسەکە پێش ناکەوێت“
هۆزات هەروەها فشارەکانی سەر میدیای ئۆپۆزسیۆن، دەستگیرکردنی رۆژنامەوانان و هەڕەشەکردن لێیان بە ئاستەنگی فراوانبوونی پشتگیریی کۆمەڵایەتی بۆ پرۆسەکە ناوبرد.
ئەو جەختی کردەوە کە چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیکبوونی تورکیا بە یەکترەوە بەستراون و حکومەت دەبێت لە بوارە یاسایی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا هەنگاوی جدی بنێت.
هۆزات وتی: تا تورکیا دیموکراتیک نەبێت، پرسی کورد چارەسەر نابێت، تا پرسی کوردیش چارەسەر نەبێت، تورکیا دیموکراتیک نابێت.