
بنیامین نەتەنیاهۆ ئەمڕۆ رووبەڕووی دەنگدەران دەبێتەوە، لە هەڵبژاردنێکدا کە چارەنووسی سیاسیی خۆی لە ناوەندی کێبڕکێکەدایە. یەکەم دەنگدانی پەرلەمانی دوای هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، بۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تاقیکردنەوەیەکی قورسە، ئەو پێویستی بە زۆرینەیەکی نوێ هەیە تا بتوانێت بەردەوام بێت لە دەسەڵات، لە کاتێکدا نەیارەکانی داوای گۆڕینی ئاراستەی وڵات دەکەن.
نەتەنیاهۆ کە ساڵانێک بە توانا و ئەزموونی لە مانەوەی سیاسی ناسراوە، ئەمجارە لەگەڵ پرسیارێکی قورس بەرەوڕووە، ئایا دەنگدەران ئەوەی لە شەڕ و ئاسایشدا بە دەستکەوتی خۆی دەناسێنێت بە بەس دەزانن، یان بەرپرسیارێتیی شکستی ئەمنیی 7ی ئۆکتۆبەر و دەرئەنجامەکانی ساڵانی شەڕ دەخەنە ئەستۆی؟ نەیارەکانی بە ناکامییە ئەمنییەکان تاوانباری دەکەن، بەڵام لایەنگرانی دەڵێن ئەو توانیویەتی بە هێرشەکان بۆ سەر حەماس، حیزبوڵڵا و ئێران پێگەی ئیسرائیل بەهێز بکات.
بەرامبەرە سەرەکییەکەی گادی ئایزنکۆتە، سەرۆکی پێشووی سوپای ئیسرائیل. هاتنە مەیدانی ئەو کێبڕکێکەی بۆ نەتەنیاهۆ ئاڵۆزتر کردووە، چونکە ئۆپۆزسیۆن کەسایەتییەکی بە پاشخانی سەربازی دەخاتە بەرامبەر ئەو سەرۆکوەزیرەی کە ئاسایش لە ناوەندی پەیامی سیاسیی خۆیدا دادەنێت. لە پاڵ ئاسایش، ئەرکی سەربازیی یەهودییە ئایینییە توندڕەوەکان، سەربەخۆیی دادگا و داهاتووی دامەزراوە دیموکراتییەکانیش لە بابەتە ناکۆکیلەسەرەکانی کەمپەینەکەن.
نەتەنیاهۆ لە کەمپەینەکەیدا پشتگیریی دۆناڵد ترەمپیشی خستووەتە خزمەت پەیامە ئەمنییەکەی. بەڵام راپۆرتی پێش هەڵبژاردنی ئەلجەزیرە، بە گواستنەوە لە میدیای ئیسرائیلی، باس لە ناکۆکیی نێوان ئەو و سەرکردایەتی سوپا دەکات سەبارەت بە هەنگاوێکی سەربازی کە لەوانەیە ببێتە هۆی گرژیی نوێ لەگەڵ ئێران.
بەڵام بۆ نەتەنیاهۆ، تاقیکردنەوەکە تەنها لە ژمارەی دەنگەکانی لیکوددا کۆتایی نایەت. لە سیستەمی ئیسرائیلدا، دەنگدەران لیستی حیزبی هەڵدەبژێرن و بۆ پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە پشتگیریی لانیکەم 61 ئەندامی کنیسێتی 120 کورسییەکە هەیە. بۆیە پلەی یەکەمی حیزبێک بە تەنها دەسەڵات مسۆگەر ناکات، توانای کۆکردنەوەی هاوپەیمانان بڕیاردەرە.
لێرەدا حیزبە بچووکەکان و دەنگدەری عەرەب دەتوانن کاریگەریی گەورەیان هەبێت. راپۆرتەکانی پێش دەنگدان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر هیچ بەرەیەک زۆرینە بەدەست نەهێنێت، کورسییەکانی حیزبە عەرەبییەکان دەکرێت لە چارەنووسی حکومەتی داهاتوودا یەکلاکەرەوە بن. بەڵام رەتکردنەوەی هاوکاری لەگەڵیان لەلایەن هەندێک هێزی ئۆپۆزسیۆنەوە، رێگای لادانی نەتەنیاهۆ ئاڵۆز دەکات.
لەبەر ئەوە، ئەنجامی ئەمشەو لەوانەیە چارەنووسی نەتەنیاهۆ یەکلایی نەکاتەوە. دوای ئەنجامەکان، سەرۆکی ئیسرائیل لەگەڵ حیزبەکان راوێژ دەکات و کەسێک رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت. ئەگەر هەوڵەکان شکست بهێنن، ئەگەری هەڵبژاردنی دووبارە هەیە و حکومەتی ئێستا وەک حکومەتی بەڕێوەبردنی کاروبار بەردەوام دەبێت، سیناریۆیەک کە دەتوانێت مانەوەی نەتەنیاهۆ درێژ بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر بەرەکەی زۆرینەش بەدەست نەهێنێت.