زەیدی گرێبەستی 69 راوێژکاری نووسینگەکەی هەڵوەشاندەوە

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆتایی بە گرێبەستی 69 راوێژکاری نووسینگەکەی هێناوە، بڕیارێک کە دوای لێدوانی پێشووی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بە کەمکردنەوەی ژمارەی راوێژکارەکانی بڵاودەکرێتەوە.

بەپێی فەرمانێکی کارگێڕی، بڕیارەکە لە 22ی ئەم مانگە بە واژۆی عەلی رۆزقی لامی دەرچووە و 69 راوێژکار دەگرێتەوە. هۆکاری کۆتاییهێنان بە گرێبەستەکان لە فەرمانەکەدا ئاشکرا نەکراوە.

فەرمانەکە جەخت دەکاتەوە کە کۆتاییهێنان بە گرێبەستەکان بە مانای ئەستۆپاککردنەوەی ئەو کەسانە لە پارە و ئەو پابەندییە داراییانە نییە کە پەیوەندییان بە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانەوە هەیە.

پێشتر زەیدی لە لێدوانێکدا رایگەیاندبوو کاری 72 راوێژکاری کۆتایی پێ هێناوە. ئەو هاوکات بەرگریی لە دیاریکردنی چوار جێگر بۆ سەرۆکوەزیران کردبوو، وتبووی ئەو پۆستانە بێ مووچە و تەرخانکراوی دارایی و دامەزراندنی نوێن.