بۆچی جەستەت لە بێدەنگترین کاتی شەودا زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدات؟

کاتژمێر رێک سێی بەرەبەیانە، لە کاتێکدا جیهان لە قووڵترین بێدەنگیدایە، چاوەکانت لەناکاو دەکرێنەوە و لێدانی دڵت خێراتر لێدەدات. زۆر کەس ئەم دۆخە وەک رووداوێکی تەمومژاوی یان تەنها بێخەوییەکی کاتی دەبینن، بەڵام بۆ پزیشکان و زانایانی خەو، ئەمە هاوارێکی ژیریی جەستەیە لە ژێر گوشاردا.

هەموو رۆژ بەئاگاهاتنەوەی لەناکاو لە کاتژمێر سێی بەرەبەیاندا تەنها رێکەوتێکی سادە نییە، توێژینەوە زانستی و پزیشکییەکان دەریانخستووە ئەم دیاردەیە پەیامێکی گرنگی جەستەیە لەسەر هاوسەنگیی هۆڕمۆنەکان و باری دەروونی، بەتایبەت لەنێو ژناندا.

کاتژمێری بایۆلۆجی؛ لە کاتژمێر سێدا چی روودەدات؟

جەستەی مرۆڤ بەپێی سووڕی بایۆلۆجی (Circadian Rhythm) کاردەکات،  لە نێوان کاتژمێر 3 بۆ 4ی بەرەبەیاندا دوو گۆڕانکاریی سەرەکی روودەدەن:

1-   پلەی گەرمیی جەستە دەگاتە نزمترین ئاستی خۆی.

2-   ئاستی هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ (هۆڕمۆنی سترێس) دەست بە بەرزبوونەوەیەکی سەرەتایی دەکات تا جەستە بۆ رۆژی نوێ ئامادە بکات.

ئەم وەرچەرخانە بایۆلۆجییە وا دەکات خەو لەم کاتەدا ناسک و هەستیار بێت، هەر هۆکارێکی دەروونی یان جەستەیی بە ئاسانی دەبێتە هۆی بەئاگاهاتنەوە و خەو زڕاندنى کەسەکە.

هۆکارە سەرەکییەکانی بەئاگاهاتنەوە

1-   فشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ:

لە کاتی خەودا بەشی لۆژیکیی مێشک هێور دەبێتەوە و لایەنی سۆزداری چالاک دەبێت. بەرزبوونەوەی کۆرتیزۆڵ هاوکات دەبێت لەگەڵ پەنگخواردنەوەی دڵەڕاوکێی رۆژانە، کە پزیشکان پێی دەڵێن (لووتکەی دڵەڕاوکێی شەوانە).

2-   دابەزینی شەکر لە خوێندا:

کاتێک شەکری خوێن دادەبەزێت، جەستە هۆڕمۆنی ئەدریناڵین وەک زەنگی ئاگادارکردنەوە دەردەدات، ئەمەش راستەوخۆ دەبێتە هۆی لەخەوڕاپەڕین.

3-   گۆڕانکارییە هۆڕمۆنییەکان:

 دابەزینی هۆڕمۆنی پرۆجێستیرۆن (لە کاتی سووڕی مانگانە یان تەمەنی بێئومێدیدا) قۆناغی خەوی قووڵ کەم دەکاتەوە. هەروەها تەمبەڵی یان کێشەکانی رژێنی غودەی دەرەقی رۆڵێکی دیاریان هەیە.

4-   کەمیی ماددە خۆراکییەکان:

 کەمیی کانزای مەگنیسیۆم و کەمبوونەوەی دەردانی هۆڕمۆنی میلاتۆنین بەهۆی زۆر سەیرکردنى شاشەی مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە.

هەنگاوە کردارییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێشەکە

1.    پابەندبوون بە خەوتنى رێک:

کوژاندنەوەی شاشەکان کاتژمێرێک پێش خەوتن، رێکخستنی کاتی خەو و هەستان، و فێنککردنی پلەی گەرمیی ژوورەکە.

2.    بەتاڵکردنەوەی مێشک:

نووسینی ئەو بیرۆکە و نیگەرانییانەی لە مێشکتدان لەسەر کاغەز پێش خەوتن، بۆ ئەوەی مێشک هەست بە ئارامی بکات.

3.    راهێنانی هەناسەدان:

بەکارهێنانی تەکنیکی هەناسەدانی هێواشکەرەوە (وەک 4-7-8) بۆ دابەزاندنی لێدانی دڵ و کۆرتیزۆڵ.

4.    پشکنینی پزیشکی:

 ئەگەر حاڵەتەکە لە دوو هەفتە زیاتری خایاند، پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت بۆ پشکنینی ئاستی شەکر، غودە، مەگنیسیۆم و هۆڕمۆنەکان.