
پڕۆژەی رووناکی لە راگەیەندراوێکدا هاوبەشانی ئاگادار کردووەتەوە کە دەبێت پسوولەی کارەبایان لە ماوەی 50 رۆژدا بدەن، ئەگەر لەو ماوەیەدا پارەکە نەدرێت، کارەبای هاوبەشەکە دەپچڕێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ماوەی 50 رۆژە لە بەرواری دەرچوونی پسوولە لە سەکۆی “ئیپسوولە” دەست پێ دەکات، نەک لە رۆژی گەیشتنی پسوولەی کاغەزی بە دەستی هاوبەش. بۆیە پڕۆژەکە داوا لە هاوبەشان دەکات مانگانە پسوولەکانیان لە سەکۆکە بپشکنن و چاوەڕێی وەشانی کاغەزی نەبن.
پرۆژەی رووناکی روونی کردووەتەوە، ئەگەر کارەبای هاوبەشێک بەهۆی پارەنەدانەوە پچڕابێت، پرۆسەی گەڕاندنەوەی تەنها دوای پارەدانی تەواوی پسوولەی رووناکی دەست پێ دەکات. ئەم پرۆسەیە بە گشتی تا 24 کاتژمێر دەخایەنێت، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا لەوانەیە ماوەکە درێژتر بێت، بەتایبەت ئەگەر پارەکە لە رێگەی کارمەندی کۆکەرەوە درابێت.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە نوێترین پسوولەی کارەبا ئێستا بۆ زۆربەی هاوبەشان لە “ئیپسوولە” بەردەستە. دەڵێت بۆ وەرگرتنی ئاگادارکردنەوە سەبارەت بە دەرچوونی پسوولە و زانیارییەکانی، پێویستە هاوبەشان یەکەکەیان لە رێگەی ماڵپەڕی رووناکی تۆمار بکەن.