
پەرلەمانی میسر ئەمڕۆ دووشەممە، 26ی تشرینی یەکەمی 2026، بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی، دەسەڵاتی بە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی وڵات، دا بۆ ئەنجامدانی رێکاری پێویست بە هەماهەنگی لەگەڵ سعودیە، بۆ بەرگریکردن لە خاکی ئەو وڵاتە.
دەسەڵاتپێدانەکە پشتگیریی سەربازی دەگرێتەوە، ئەگەر پێویست بوو و دوای هەماهەنگیی نێوان هەردوو وڵات.
بڕیارەکە دوای دوو دانیشتنی پەرلەمان لە هەفتەی رابردوو هاتووە، کە تێیاندا نوێنەرانی فراکسیۆنەکان و پەرلەمانتاران باسی داواکاریی سیسییان کردبوو.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە هێرشەکانی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر سعودیە زیاد بوون. بەپێی رۆیتەرز، قاهیرە پێشتر رایگەیاندووە پشتگیرییەکەی بۆ پاراستنی خاک و سنوورەکانی سعودیە دەبێت، هاوکات بەردەوامە لە پاڵپشتیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەری ملمڵانێی یەمەن.