حەمید شەتری لە سەرۆکایەتی هەواڵگریی عێراق لادرا

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە فەرمانێکی دیوانی کۆتایی بە ئەرکی حەمید رەشید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، هێنا. ئەم بڕیارە دووشەممە، 26ی تشرینی یەکەمی 2026، بڵاوکرایەوە, کە نزیکەی 22 مانگ بەسەر سپاردنی سەرۆکایەتی دەزگاکە بە شەتریدا تێپەڕیوە.

بەپێی بەڵگەنامەکە کە میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردووەتەوە، کۆتاییهێنان بە ئەرکی شەتری بە ئاراستەی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئەنجام دراوە و لە بەرواری دەرچوونی فەرمانەکەوە جێبەجێ دەکرێت.

بەڵگەنامەکە بە واژۆی رەشاد خەلەف هاشم، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران، دەرچووە و ئاراستەی سکرتاریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران، دەزگای هەواڵگری و نووسینگەی فەرماندەی گشتی کراوە.

لە فەرمانە بڵاوکراوەکەدا هۆکاری لادانی شەتری و ناوی جێگرەوەکەی دیاری نەکراوە.

شەتری لە 19ی کانوونی یەکەمی 2024دا، بە فەرمانی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق، بە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی سپێردرا. باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەت، ئەوکات رایگەیاندبوو کە سپاردنی پۆستەکە بە شەتری بەهۆی ئەزموون و ئەدای لە بواری ئەمنیدا بووە، بە ئامانجی پشتگیریی کاری دەزگاکە و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق.

شەتری خەڵکی پارێزگای زیقارە و پێش گەیشتن بە سەرۆکایەتی هەواڵگری، چەند پۆستێکی ئەمنیی گرنگی گرتووەتە دەست. لەوانە بەڕێوەبەری گشتیی هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی ناوخۆ و سەرپەرشتیکردنی “خانەی هەڵۆکان”ـە. هەروەها سەرۆکایەتی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی کردووە و لە 2023دا گوازراوەتەوە بۆ راوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی.

لە ماوەی سەرۆکایەتی دەزگای هەواڵگریدا، شەتری بەشێکی دیار لە پەیوەندییە ئەمنییەکانی بەغدا و دەسەڵاتی نوێی دیمەشق بوو. لە 26ی کانوونی یەکەمی 2024، تەنها هەفتەیەک دوای سپاردنی پۆستەکە پێی، سەرۆکایەتی شاندێکی عێراقی بۆ دیمەشقی کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە. گفتوگۆکان پاراستنی سنوور، رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش و ئاسایشی ئەو زیندانانەیان گرتەوە کە ئەندامانی داعش لە سووریا تێدا راگیرابوون.

دواتر، لە 25ی نیسانی 2025، شەتری جارێکی دیکە سەرۆکایەتی شاندێکی عێراقی بۆ دیمەشقی کرد، ئەمجارە گفتوگۆکان لە پاڵ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاسایشی سنوور، فراوانکردنی بازرگانی و لێکۆڵینەوە لە ئەگەری چاککردنەوەی بۆڕی نەوتی عێراق بەناو خاکی سووریا بۆ بەندەرەکانی دەریای ناوەڕاستیشیان لەخۆ گرت.