
نووسینی نووسەری عێراقی: عەلی حوسێن
لە فەرەنسا، وڵاتی سەرسوڕمان و شتە سەیرەکان، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی سەریهەڵدا، کە تێیدا دەیان هەزار گەنج، خوێندکار، کرێکار و کۆچبەر بەشدار بوون بۆ ئیدانەکردنی بەرزبوونەوەی نرخەکان. ناڕەزایەتییەکان، کە لەلایەن خوێندکارانی قوتابخانەکانەوە پریشکی لێ درا، پەڕییەوە بۆ شارە گەورەکان و لە کۆتاییدا بووە هۆی پێکدادان، توندوتیژی و تاڵانکردنی فرۆشگاکان. خۆپیشاندەران لە پۆستەکانی فەیسبووک و رۆژنامەکاندا پلەی “سفر”یان بەخشییە زۆربەی سەرکردەکانی فەرەنسا، و هاوکات داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسایان کرد.
کاتێک بەدواداچوونم بۆ رووداوەکانی شارەکانی فەرەنسا دەکرد، پرسیاری ژمارەی ئەو کوژراوانەم دەکرد کە بە دەستی هێزە ئەمنییەکانی فەرەنسا گیانیان لەدەست داوە. وەڵامەکە لە رێگەی ئاژانسەکانی هەواڵەوە دەهات، کە ئاماژەیان بە تۆمارکردنی تەنها یەک کوژراو دەکرد لە تەواوی ئەو ناڕەزایەتییە فراوانانەی دوایی فەرەنسا. لەو کاتەدا، بیرم لەو 700 گەنجە عێراقییە دەکردەوە کە بە خوێنێکی سارد و بە هاندانی ئاشکرا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵە ئاسمانییەکاندا کوژران.
ئێمە لەم وڵاتەدا لەگەڵ لێدوانی ئەو فراکسیۆنە سیاسییانەدا دەژیاین، کە بەردەوام لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان و لە راگەیەندراوە بەکوڵەکانیاندا دەیانگوت خۆپیشاندانی گەنجان لە گۆڕەپانی نیشتماندا مافێکی رەوایە، بەڵام لە هەمان کاتدا چاو و گوێچکەی خۆیان لە بەرامبەر ئەو تاوانانەدا دەبەست کە دەرهەق بە خۆپیشاندەران ئەنجام دەدران.
بۆیە، ئەی هاووڵاتیی داماو و لێقەوماو، سەرت سوڕ نەمێنێت کاتێک گوێت لێ دەبێت یان دەخوێنیتەوە چی دژی ئەو ناڕەزایەتییانە دەنووسرێت کە دوێنێ لە گۆڕەپانی تەحریر و هەندێک لە گۆڕەپانەکانی شارەکانی عێراق دەستیان پێکرد، چونکە دیسانەوە دەستەواژەی “جۆکەر” هاتەوە پێشەوە و لەگەڵیدا رووداوەکانی فیلمە پڕهەستبزوێنەکەی “ناپاککردن و خائینکردنی خۆپیشاندەران” دەستی پێکردەوە.
جەنابت بیهێنە پێش چاوی خۆت کە دەستەواژەی “جۆکەر” چۆن بەردەوام شوێن گەنجانی تشرین کەوت، و زۆریان بەهۆی ئەم دەستەواژەیەوە کوژران، لە ژێر دروشمی لەو شێوەیەی کە “جۆکەرییەکان دەیانەوێت عێراق بە ئەمریکا بفرۆشن”. گوێشمان لەوانە بوو کە دەیانگوت “جۆکەرییەکان هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل دەکەن بۆ گرێدانی رێککەوتن”، تا گەیشتە ئەو ئاستەی هاووڵاتییەکی سادەی عێراقی وا بزانێت خۆپیشاندەری ناو گۆڕەپانی تەحریر یان گۆڕەپانی حەبوبی ئەوەیە کە سامانی عێراقی تاڵان کردووە، ئەو رێگرە لەوەی کارەبا ماڵی عێراقییەکان رووناک بکاتەوە، ئەو هۆکاری بڵاوبوونەوەی قوتابخانە قوڕینەکان، نەبوونی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و کەڵەکەبوونی زبڵ و خاشاکە لە شەقام و گۆڕەپانەکاندا، و ئەو بەرپرسیارە لە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و تەشەنەسەندنی بێکاری لە وڵاتی نێوان دوو رووباردا.
لە بەرامبەردا، بینیمان کاروانی سیاسی و بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەتی عێراق چۆن لە ریزدا چاوەڕێی وەرگرتنی مۆڵەت بوون بۆ چوونە ناو باڵیۆزخانەی ئەمریکا، تا پیرۆزبایی لە “ستیڤن فاگن”ی باڵیۆزی نوێی ئەمریکا بکەن، شەوانە لەگەڵ فەرمانبەرە باڵاکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەمەتەقێ بکەن و ئایندەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن تاوتوێ بکەن، لە کاتێکدا هاووڵاتیی عێراقی دەترسێت تەوقە لەگەڵ فەرمانبەرێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکادا بکات.
خوێنەری ئازیز، وریابە لەوەی وا تێبگەیت کە “جەنابم” مەبەستم لێپرسینەوە بێت لە سیاسییەکانی وڵات، چونکە دیموکراسیی عێراقی وا دەخوازێت کە خۆپیشاندەری عێراقی هەر بە نازناوی “جۆکەری بەکرێگیراو” بمێنێتەوە، لە کاتێکدا سیاسی و بەرپرسانی وڵات هەوڵ دەدەن نازناوی “جۆکەری پێشکەوتوو ” بە هەموو ئیمتیاز و دەسەڵاتەکانییەوە بەدەست بهێنن.