فەرەنسا لە 1968ـەوە تا 2026: شەش دەیە لە ناڕەزایەتی و راپەڕینی پڕ لە هەژان

نەدا حوسێن ئەلکازمی – توێژەر لە مێژووی سیاسیی هاوچەرخی ئەورووپا

جووڵەی شەقامی فەرەنسی لە دوای راپەڕینەکەی ئایاری 1968ـەوە، تەنیا دەربڕینێکی کاتی نەبووە لە ناڕەزایەتی دژی بڕیارێکی حکوومی؛ بەڵکوو گۆڕاوە بۆ یەکێک لە دیارترین بزوێنەرەکانی ململانێی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ئەورووپای مۆدێرندا. لەوێدا پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و سەندیکاکان بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیوە کە دروشمی هاوبەشی هەموویان بریتی بووە لە (بەگژداچوونەوەی دەسەڵات لەسەر پرسیارێکی بنەڕەتی: کێ مافی دیاریکردنی ئاییندەی کۆمەڵگە و ئابووریی وڵاتی هەیە)؟

لە ماوەی شەش دەیەی رابردوودا، رێڕەوی ئەم ناڕەزایەتییانە تۆڕێکی ئاڵۆز لە ناکۆکیی چینایەتی، قەیرانی پیشەیی و ناڕەزایەتی لە سیاسەتی ئابووریی دروست کردووە. هەر لە قەیرانی دەسەڵاتی سیاسییەوە لە نێوان راپەڕینی ئایاری 1968 و دەستلەکارکێشانەوەی دیگۆل، تا دەگاتە سەردەمی کێشە ئابوورییە نوێیەکان لە ساڵانی 2024-2026، هەمیشە شەقامی فەرەنسا هێزێکی کارا بووە کە دەتوانێت دەستکاریی هاوکێشەکان بکات و رێگری لە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان بکات لە سەپاندنی تەواوەتیی هەموو بڕیارەکانیان.

ئایاری 1968: ئەو وێستگەیەی سیمای شەقامی فەرەنسیی گۆڕی

رووداوەکانی پاریس لە ئایاری 1968 خاڵێکی وەرچەرخان بوون، کۆمەڵگەی فەرەنسی لە قۆناغی بووژانەوەی دوای جەنگەوە بەرەو قەیرانێکی قووڵی ناوخۆیی هەنگاوی نا. شۆڕشەکە وەک جووڵەیەکی خوێندکاری دەستی پێ کرد دژی سیستەمی کۆنەپارێز و دەسەڵاتگەراییی زانکۆکان، پاشان زۆر بە خێرایی کێشایە ناو پێکدادان لەگەڵ پۆلیس و فراوان بوو بۆ بایکۆتکردنی گشتیی کارمەندان و سەندیکاکان.

ئەوەی لە بازنەیەکی خوێندکارییەوە دەستی پێ کرد، ملیۆنان کرێکاری راکێشایە سەر شەقام و کەرتی ئابووریی ئیفلیج کرد. قەیرانەکە لە ناڕەزایەتییەکی ناوخۆییەوە گۆڕا بۆ قەیرانێکی گەورەی دەسەڵات کە نزیک بوو کۆتایی بە کۆماری پێنجەم بهێنێت و هەڕەشەی لە سەردەمی شارل دیگۆل کرد. لە کۆتاییدا هەرچەندە دیگۆل توانی لە ڕێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە کۆنترۆڵی دۆخەکە بکاتەوە، بەڵام دیوارەکانی کۆمەڵگەی فەرەنسی درزی گەورەیان تێ کەوت. پاشان بزووتنەوەی 1968 وەک هێمایەکی کولتووری و رەمزی دەسەڵاتی خەڵک مایەوە کە نیشانی دا شەقام توانای بەچۆکهێنانی باڵاترین دەسەڵاتەکانی هەیە.

لە کارگەکانەوە بۆ زانکۆکان: حەفتاکان و هەشتاکان

لە میانی دەیەی حەفتاکاندا، ناڕەزایەتییەکان لە کارگەکاندا چڕ بوونەوە لە بەرامبەر قەیرانی نەوت و کێشەی بێکاری. لە هەشتاکانیشدا بزووتنەوەی خوێندکاری بەهێزتر سەری هەڵدایەوە، دیارترینیان لە ساڵی 1968 بوو کاتێک پڕۆژەیاسای (دیڤیکێت – Devaquet)  بۆ چاکسازیی زانکۆکان خرایەڕوو. خوێندکاران رژانە سەر شەقامەکان و مانگرتنی بەرفراوانیان دەستپێکرد، بەتایبەت دوای ئەوەی خوێندکارێک بە ناوی مالیک ئۆسێکین بە دەستی پۆلیس کوژرا. ئەو رووداوە حکوومەتی ناچار کرد بە تەواوی پڕۆژەیاساکە بکێشێتەوە، ئەمەش سەلماندی کە گەنجان هێزێکی کاریگەرن لە ڕاگرتنی بڕیارە دەسەڵاتدارییەکاندا.

نەوەدەکان: خانەنشینی و مافە کۆمەڵایەتییەکان لە سەنگەری رووبەڕووبوونەوەدا

لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغی کەمکردنەوەی بودجە و هەموارکردنەوەی یاساکانی کار لە ساڵانی نەوەدەکاندا، ململانێکان توندتر بوون. لە ساڵی 1995 فەرەنسا گەورەترین شەپۆلی مانگرتنی لە دوای 1968ـەوە بەخۆیەوە بینی، دژی پلانەکەی ئەلێن ژوپێی سەرۆکوەزیران بۆ کەمکردنەوەی خەرجییە کۆمەڵایەتییەکان و دەستکاریکردنی سیستەمی خانەنشینی. مانگرتنی سەرتاسەری کەرتی گواستنەوە و ژیانی گشتیی پەک خست، تا لە کۆتاییدا حکوومەت ناچار کرا پاشەکشە لە پلانەکەی بکات.

سەرەتای هەزارەی نوێ: یاسای کاری گەنجان و تەقینەوەی گەڕەکە هەژارنشینەکان

 ساڵی 2005: کاتێک گەنجانی پەراوێزخراوی گەڕەکە هەژارنشینەکانی دەوروبەری شارە گەورەکان بەهۆی بێکاری، هەژاری و رەفتاری پۆلیسەوە راپەڕین و چەندین هەفتە ئاژاوە و سووتاندنی ئۆتۆمبێل بەردەوام بوو.

ساڵی 2006: ناڕەزایەتیی بەرفراوانی خوێندکاران و سەندیکاکان دژی پڕۆژەیاسای گرێبەستی یەکەمی کار (CPE) کە رێگەی بە خاوەنکارەکان دەدا بە ئاسانی گەنجان دەربکەن. دوای چەندین هەفتە لە مانگرتن، حکوومەت یاساکەی هەڵوەشاندەوە.

2018–2023: هێلەک ‌زەردەکان، خانەنشینی و پەتای کۆرۆنا

لە کۆتایی ساڵی 2018، بزووتنەوەی “هێلەک ‌زەردەکان” لە دەرەوەی چوارچێوەی سەندیکاکان سەری هەڵدا، سەرەتا وەک ناڕەزایەتی دژی بەرزبوونەوەی باجی سووتەمەنی بوو، بەڵام زوو بوو بە هاوارێک دژی بارگرانیی بژێوی و نایەکسانیی چینایەتی لە نێوان شارە گەورەکان و دەوروبەردا. لە ساڵی 2023شدا شەقامەکان جارێکی تر تەقینەوە بەهۆی بڕیارەکەی ئیمانوێل ماکرۆن بۆ بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە 62 ساڵەوە بۆ 64 ساڵ بەبێ دەنگدانی تەواوی پەرلەمان، کە بووە هۆی مانگرتنی سەرتاسەری و پێکدادانی توند.

2024–2026: جووتیاران، خزمەتگوزارییە گشتییەکان و گەڕانەوەی خوێندکاران

لە ماوەی ساڵانی 2024 تا 2026، ناڕەزایەتییەکان رەهەندێکی نوێیان وەرگرت: جووتیارانی فەرەنسا بە تراکتۆرەکانیان رێگە سەرەکییەکانیان داخست دژی سیاسەتە کشتوکاڵییەکانی یەکێتیی ئەورووپا و بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان. هاوکات کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستییش دژی کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان هاتنە دەنگ.

بۆچی فەرەنسییەکان دەگەڕێنەوە سەر شەقام؟

توێژەران هۆکاری سەرەکیی بەردەوامیی ئەم نەریتە بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێننەوە:

1-  کولتووری سیاسی و شۆڕشگێڕی: شەقام لە فەرەنسا تەنیا شوێنی پەڕینەوە نییە، بەڵکوو گۆڕەپانی دیموکراسیی ڕاستەوخۆ و سەپاندنی ئیرادەی هاووڵاتییانە.

2- بەرگریکردن لە دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکان: هاووڵاتیی فەرەنسی دەستبەرداری مافەکانی پەروەردە، تەندروستی و خانەنشینی نابێت و بە بەشێک لە ناسنامەی نیشتمانیی خۆیانی دەزانێت.

3- نەمانی متمانە لە نێوان دەسەڵات و خەڵک: کاتێک پەرلەمان و کەناڵە فەرمییەکان ناتوانن نوێنەرایەتیی تەواوی دەنگی شەقام بکەن، خەڵک خۆپیشاندان وەک تاکە کارتی کاریگەر بەکاردەهێنن.

دەرئەنجام: شەش دەیە و شەقام هێشتا بڕیاردەرە

لە ئایاری 1968ـەوە تاوەکو ساڵی 2026، شەقامی فەرەنسی سەلماندوویەتی کە دیموکراسی تەنیا لە سندووقی دەنگداندا کورت نابێتەوە، بەڵکو هێزێکی زیندووە لەسەر شەقام کە توانای هەیە رێگری لە بڕیارە تاکڕەوانەکان بکات و هاوسەنگیی هێز لە نێوان دەسەڵات و خەڵکدا رابگرێت.