سڕینەوەی سفرەکانی دیناری عێراقی : رێگەی بەرزکردنەوەی بەهای دینارە یان تەنها گۆڕینی ژمارەکانە؟

لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، گفتۆگۆکان لەسەر پڕۆژەی (سڕینەوەی سێ سفر لە دیناری عێراقی) دووبارە سەریان هەڵداوەتەوە و بوونەتەوە بە یەکێک لە بابەتە هەرە گرنگ و گەرمەکانی شاشەی میدیاکان و رای گشتیی ئابووری لە عێراقدا، لە نێوان شەقامی عێراقی و بازاڕەکاندا، تێگەیشتنێک دروست بووە کە ئەم بڕیارە دەکرێت بەهای کڕینی دینار بەرز بکاتەوە و ئاستی بژێوی بباتە سەرەوە، لە بەرامبەردا، بەشێک لە شارەزایان ئەم هەنگاوە تەنها بە پڕۆژەیەکی تەکنیکی، کۆکردنەوە و رێکخستنی سیستەمی دراو لە قەڵەم دەدەن، لە نێوان ئەم دوو تێڕوانینە جیاوازەدا، راستییەکی زانستیی تەواو حاشاهەڵنەگر هەیە: سڕینەوەی سفر لە خۆیدا بەهای راستەقینەی دراو زیاد ناکات، ئەوەی لەم پرۆسەیەدا دەگۆڕێت، تەنها و تەنها بەهای ئیسمی (Nominal Value)ی یەکەی دراوەکەیە، نەک بەهای راستەقینەی ئابووری و توانای واقعی کڕینی هاووڵاتییان.

سڕینەوەی سفرەکان بە مانای چییە؟

لە زانستی ئابووریدا، ئەم پرۆسەیە بە (Redenomination) ناودەبرێت. مەبەست لەم زاراوەیە، گۆڕینی یەکەی ژمێریاریی دراوەکەیە، بەبێ ئەوەی بەهای راستەقینەی سامان، داهات یان شایستە دارایییەکان دەستکاری بکرێن، ئەگەر عێراق لە داهاتوودا بڕیاری سڕینەوەی سێ سفر بدات، هاوکێشەکە بەم شێوەیە دەبێت:

(1000 دیناری کۆن = 1 دیناری نوێ)

بۆ تێگەیشتنی روونتر لە رەهەندە ژمێریارییەکانی ئەم پڕۆژەیە، بەراوردکردنی بڕە دارایییە جیاوازەکان لە نێوان سیستەمی ئێستا و پێشنیارکراودا هاوکێشەکە ئاسانتر دەکاتەوە، بە جۆرێک کە مووچەی مانگانەی فەرمانبەرێک لە 1،500،000 دیناری کۆنەوە دەبێتە 1،500 دیناری نوێ، نرخی ئاڵوگۆڕی 1 دۆلاری ئەمریکی لە 1،310 دینارەوە دەگۆڕێت بۆ 1031 دینار، نرخی خانوویەک لە 200،000،000 دینارەوە کەمدەبێتەوە بۆ 200،000 دینار.

کەواتە، لەگەڵ کەمبوونەوەی ژمارەی سفرەکانی سەر کاغەزی دراوەکە، مووچە، نرخەکان، قەرز، سپاردەی بانکی و هەموو سەرمایەکانی تر بە هەمان رێژە کەمدەبنەوە و ئەم پرۆسەیە هیچ سامانێکی نوێ دروست ناکات و توانای کڕینی خەڵک لە رووی واقعی و کردارەکیدا بە بەراورد لەگەڵ پێشتر هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت.

ئایا دینار بەرامبەر دۆلار بەهێز دەبێت؟

ئەمە جەوهەریترین پرسیارە کە لە ناو خەڵکدا دەکرێت، ئەگەر لە ئێستادا نرخی فەرمی بەرامبەر نزیکەی 1،310 دینار بۆ یەک دۆلار بێت، لە ئەگەری سڕینەوەی سێ سفردا، نرخەکە دەبێتە 1.31 دیناری نوێ بۆ یەک دۆلار، بەڵام ئایا ئەمە بە مانای بەهێزبوونی دینار دێت؟ وەڵامە ئابوورییەکە بە تەواوی “نەخێر”ە. ئەمە تەنها نووسینەوەی هەمان بەهایە بە ژمارەیەکی بچووکتر.

توانای کڕینی هەمان ئەو بڕە دینارە لە بازاڕی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا وەک خۆی دەمێنێتەوە، بۆ نموونە، ئەگەر بەرامبەر 100 دۆلاری ئەمریکی پێویستت بە 131،000 دیناری کۆن بێت، لە سیستەمە نوێکەدا پێویستت بە 131 دیناری نوێ دەبێت، بەمەش دەردەکەوێت توانای کڕین بە هیچ جۆرێک زیادی نەکردووە.

فاکتەرە ڕاستەقینەکانی بەهێزبوونی بەهای دینار

بەهای دراو بە بڕیارێکی کارگێڕیی سەر کاغەز دروست نابێت، بەڵکو ئەنجامی کۆمەڵێک بنەمای بەهێزی ئابوورییە، بۆ عێراق، بەهێزبوونی راستەقینەی دینار بەستراوەتەوە بە چەند فاکتەرێکی سەرەکییەوە:

رێژەی داهاتی نەوت کاریگەری گەورەی هەیە، چونکە نەوت گرنگترین هەناردەی عێراقە کە دەستەبەری دراوی قورس بۆ عێراق دەکات و بە رێژەی 90٪ بەشداری دەکات لە پێکهێنانی  داهاتی بودجەی دەوڵەت.

زیادبوونی قەبارەی خواست لەسەر دیناری عێراقی  بە مەبەستی مامەڵە، جا ئێتر ئەم خواستە چ لەسەر ئاستی ناوخۆ بێت چ لەسەر ئاستی دەرەکی بێت.

پەوەندی باش و دۆستانە لەگەل وەزارەتی خەزێنە و بانکی ناوەندی ئەمریکا، چەند ئەم پەیوەندییە باش بێت و هاوکاری دارایی و نەختینەیی عێراق بکەن ئەوەندە بەهای دینار بەرز دەبێتەوە، بە پێچەوانەشەوە بوونی هەرچەشنە سزا و هەڵوێستێکی نەرێنی بەرانبەر دامەزراوەی بانکی و دارایی عێراق کێشەی گەورە بۆ بەهای دیناری عێراقی دروست دەکات.

کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی دەوڵەت فاکتەرێکی گرنگە لە پاراستنی سەقامگیریی بەهای دراو، هەتا ئاستی کورتهێنانی  بودجە کەمتر بێت متمانەی زیاتر بە ئابووری نیشتیمانی  زیاتر دەبێت و دەبێتە پاڵپشت بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار.

خاڵێکی دیکە کە گرنگە بۆ بەهێزکردنی بەهای دیناری عێراقی بریتییە لە بەهێزکردنی سیستەمی بانکی، بونیادنانی سیستمێکی بانکی پێشکەوتوو، گواستنەوە  لە ئابوورییەکی پشتبەستوو بە نەقد  بۆ سیستمە ئەلیکترۆنییەکانی پارەدان و تۆکمەکردنی ژێرخانی بانکی.

هۆکارەکانی بەردەوامیی گفتوگۆ لەسەر سڕینەوەی سفرەکان

ئەگەر سڕینەوەی سفرەکان بەهای دراو زیاد ناکات، پسپۆڕان بۆچی تا ئێستاش تاووتوێی دەکەن؟ هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە قەبارەی دراوی عێراقی بە ڕێژەیەکی زۆر گەورە بووە، کڕین و فرۆشتن، حساباتی حکومەت، بودجە و قەرزەکان بە ژمارەی زۆر گەورە و ئاڵۆز ئەنجام دەدرێن کە ئەرکی ژمێریاری قورس دەکەن.

دەکرێت کاریگەرییە ئەرێنییە کارگێڕییەکانی ئەم پرۆسەیە لە چەند خاڵێکدا کورت بگوڕێنەوە:

سادەکردنەوەی مامەڵە ژمێریارییەکان: کەمکردنەوەی فشار لەسەر سیستەمە ژمێریارییەکان و دەفتەری دارایی.

کەمکردنەوەی هەڵەی ژمێریاری: کاتێک ژمارەی سفرەکان کەمدەبنەوە، ئەگەری هەڵە لە تۆمارکردن و گواستنەوەی پارەدا کەمدەبێتەوە.

ئاسانکاری لە گواستنەوەی نەقد: کەمکردنەوەی حجم و کێشی ئەو کاغەزە پارەیەی کە هاووڵاتییان یان بازرگانان بۆ مامەڵە گەورەکان هەڵیگرتبوون.

سوودی دەروونی: دروستکردنی وێنەیەکی نوێ بۆ یەکەی دراوەکە لە شەقام و بازاڕدا.

سڕینەوەی سفرەکان ڕێگایە یان ڕووکەش؟

لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە کێشەی بنەڕەتیی ئابووری عێراق لە ژمارەی سفرەکانی رووی کاغەزی دیناردا نییە، بەڵکو لە توانا و هەمەجۆری ئابوورییەکەیدایە، ئابووری عێراق تا ئەو کاتەی تەنها پشت بە نەوت ببەستێت، لە بەرامبەر هەر شۆکێکی جیهانیدا سست و لاواز دەبێت.

سڕینەوەی سێ سفر لە دیناری عێراقی دەتوانێت هەنگاوێکی ئەرێنی بێت بۆ رێکخستنی کارگێڕیی و سادەکردنەوەی مامەڵە ژمێریارییەکان، بەڵام بە هیچ جۆرێک دەرمانێک نییە بۆ دەردەکانی ئابووری عێراق  ژمارەکان بچووک دەکاتەوە، بەڵام بە بەهای  ئابووری زیاد ناکات.

کەواتە ئەگەر رۆژێک لە رۆژان ئەم پڕۆژەیە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، پرسیاری جەوهەریی شەقام و شارەزایان نابێت ئەوە بێت کە “چەند سفر سڕدراوەتەوە؟”، بەڵکو دەبێت پرسیارەکە بەم شێوەیە ئاراستە بپێکرێت: “ئایا هاوشانی سڕینەوەی سفرەکان، هۆکارە سەرەکییەکانی لاوازی و داڕمانی ئابووریی عێراقیش سڕدراونەتەوە؟”

ئەگەر وەڵامەکە بەڵێ بێت و رێفۆرمی بنەڕەتی لە کەرتەکانی بەرهەمهێناندا کرابێت، ئەوا سڕینەوەی سفرەکان دەبێتە بەشێک لە سەرکەوتن، بەڵام ئەگەر کێشەکانی کورتهێنانی بودجە، گەندەڵی، وابەستەیی بە نەوت و لاوازی سیستەمی بانکی وەک خۆیان  مابێتنەوە، ئەوا سڕینەوەی سفرەکان تەنها یارییەکە بە ژمارەکان، نەک گۆڕانکاری لە ئابووریدا.