یەدەگی دراوی بیانی عێراق بەرزبووەتەوە و پارەی زیاتر هاتووەتە بانکەکانەوە

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ مانگەکانی ئاب و ئەیلوولی 2026، دۆخی دارایی و نەختیی وڵات بەرەو سەقامگیری زیاتر هەنگاو دەنێت و چاکسازییەکان ئەنجامی ئەرێنییان هەبووە. لە گرنگترین پێشهاتەکانی ئەم ئامارانە، بەرزبوونەوەی یەدەگی دراوی بیانییە کە گەیشتووەتە 81.5 ملیار دۆلار، ئەمەش یەکەم بەرزبوونەوەی مانگانەیە لە دوای مانگی شوباتی ئەمساڵەوە.

هەروەها بەهای پاشەکەوتی زێڕ بە رێژەی 10٪ زیادی کردووە و گەیشتووەتە 32.7 تریلیۆن دینار، هاوکات جیاوازییەکانی نێوان خواست  و خستنەڕوو لەسەر دراوی بیانی بۆ بازرگانی دەرەکی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە، دوای ئەوەی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی گەیشتووەتە 3.9 ملیار دۆلار لە بەرامبەر فرۆشتنی چوار ملیار دۆلاردا. لە بەشی کەرتی بانکیشدا، سپاردە و دانانی پارە لە بانکەکان بە رێژەی 2٪ زیادی کردووە و گەیشتووەتە 103.1 تریلیۆن دینار، لە کاتێکدا بڕی ئەو پارەیەی لە دەرەوەی بانکەکاندا هەڵگیراوە کەمیکردووە.

لە بواری پارەدانی ئەلیکترۆنیشدا، ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکراوە و گەیشتووەتە 4.56 تریلیۆن دینار، هاوکات سیولەی زیادە لە بانکەکاندا گەیشتووەتە 22.2 تریلیۆن دینار، کە بەرزترین ئاستە لە سەرەتای ساڵی 2025ەوە تۆمارکرابێت.

لە بارەی ئەم داتایانەوە، مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی و ئابووری، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم ئامارانە نیشانەی سەرکەوتوویی سیاسەتی نەختینەن کە خۆی دەبینێتەوە لە دابینکردنی پارە بۆ بازرگانیی دەرەکی، کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان، و بەهێزکردنی سەروەت و سامانی بیانی لە بەرامبەر ئاڵنگارییە هەرێمییەکاندا.