
محەمەد ئەبو ئەلعیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، راسپاردەکانی لیژنەی تایبەت بە هەموارکردنی خشتەی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتی ئاشکرا کرد. ئەو پێشنیارانە زیادکردنی مووچەی بنەڕەتی و رێکخستنی دەرماڵەکان دەگرنەوە، بەڵام تا ئێستا لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و راسپاردەدان و هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ پەسەندکردن یان جێبەجێکردنیان نەدراوە.
ئەبو ئەلعیس بە رۆژنامەی “سەباح”ی وتووە لیژنەکە، کە لە ساڵی 2022 دامەزراوە، لە یەکێک لە تۆمارەکانی خۆیدا پێشنیاری زیادکردنی مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵەی 50% و دەرماڵەیەکی دیکەی 30%ی خستووەتەڕوو. هەروەها پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی هەندێک دەرماڵەی دیکە کراوە.
لە تۆمارەکانی دیکەدا، دانانی سنوور بۆ کۆی دەرماڵەکان و هەڵسەنگاندنی کاریگەریی زیادکردنی مووچە لەسەر نرخ و بازاڕ باس کراوە. هەروەها، بەپێی ئامارەکانی خشتەی بودجە، ژمارەی فەرمانبەران 4,074,697 کەسە، بەڵام داتای نزیکەی 2 ملیۆن فەرمانبەر تا ئێستا گەیشتووەتە لیژنەکە، کە پێویستی بە تەواوکردنی زانیارییەکان دەخاتەڕوو.
ئەبو ئەلعیس وتوویەتی ئەگەر راسپاردەکان بە فەرمی پەسەند بکرێن، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دەگرنەوە، بە مەرجێک وەزارەتی دارایی زانیاریی پێویست لەسەر ژمارە و پێکهاتەی فەرمانبەرانی هەرێم پێشکەش بکات. تا ئێستا نە خشتەیەکی نوێ بە فەرمی پەسەند کراوە و نە کاتی جێبەجێکردنی دیاری کراوە.