فاینەنشاڵ تایمز: ناتانیاهۆ داوای ئامادەکاری هێرشێکی نوێی بۆ سەر ئێرانی کردووە

رۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمز بڵاویکردووەتەوە کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەر داوای لە سوپای وڵاتەکەی کردووە بۆ هێرشێکی گەورەی نوێ بۆ سەر ئێران ئامادەکاری بکات. سێ سەرچاوەی ئاگادار لە پلانەکان ئەم زانیارییەیان بە رۆژنامەکە وتووە.

بەپێی راپۆرتەکە، پلانێک بۆ هێرشێکی چەند رۆژە لە دەوروبەری 10ی ئۆکتۆبەر ئامادە کرابوو و ئامانجەکانی دەیانتوانی دامەزراوە ژێرخانییەکان، شوێنە پەیوەندیدارەکانی بەرنامەی ئەتۆمی و ئامانجەکانی حکومەت بن. بەڵام ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجام نەدرا، سەرچاوەکان دەڵێن دوناڵد ترەمپ دژی دەستپێکردنەوەی شەڕ پێش هەڵبژاردنە ناوەڕاستییەکانی ئەمریکا بووە.

فاینەنشیاڵ تایمز لە زاری سەرچاوەیەکەوە نووسیویەتی گەڕانەوەی هێرشە ئەمریکییە ـ ئیسرائیلییەکان لە چەند هەفتەی داهاتوودا “ئەگەری دوور نییە”.

لە بەرامبەردا، وتەبێژی کۆشکی سپی بە رۆژنامەکەی وتووە ئەمریکا پێش هەڵبژاردنەکانی خولی ناوەڕاست هێرش ناکاتە سەر ئێران.