
ئیتر سەردەمی ئەوە بەسەرچوو کە ترسی جیهان لە تەکنەلۆجیا تەنیا لە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییە کۆمەڵایەتی و خوێناوییەکان، راکێشانی گەنجان لە تویتەر و رێکخستنی کەمپەینی میدیایی توندڕەوانەدا قەتیس مابێتەوە.
ئەمڕۆ، ژیریی دەستکرد (AI) دەروازەیەکی تەواو مەترسیدارتری بۆ رێکخراوە چەکدارەکان واڵا کردووە، ئەویش گۆڕینی زانیاریی ئاڵۆزی ئەندازیاری و سەربازییە بۆ ئامرازێکی هەرزان و دەستەجەمعی لەناو گۆڕەپانی جەنگدا، بەتایبەتى بەدەستى گروپە تیرۆریستەکانەوە.
ئەم مەترسییە لە هیچ شوێنێکی وەک ئەفریقا هێندە تۆقێنەر نییە، لەو شوێنەی لاوازیی دەسەڵاتی دەوڵەت، سنوورە بەتاڵەکان و دارستانە چڕەکانی حەوزی دەریاچەی چاد، ژینگەیەکی لەباریان بۆ پاشماوەکانی (بۆکۆ حەرام) و شانەکانى (داعش) رەخساندووە. لەو ناوچانەی تەنانەت تۆڕی کارەبا و ئینتەرنێتی باشیشی نییە، چەکدارەکان فێربوون چۆن بە مۆبایلێکی دەستی و چەند کۆدێکی سادە، کێشە لۆجستی و سەربازییەکانیان لە مەیداندا چارەسەر بکەن.
لە تاقیکردنەوەی شەخسییەوە بۆ مەعریفەی دامەزراوەیی و رێکخستن و سەرپەرشتى بەرەکان، توێژینەوەیەکی نوێی (سەنتەری ترێندز) لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەکانی د. ئەنتۆنیا جولیچ لە زانکۆی کامبریج و چاوپێکەوتن لەگەڵ چەکدارانی پێشووی بۆکۆ حەرام، پەردە لەسەر راستییەکی شۆکهێنەر لادەدات و دەنووسێت بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد ئیتر شتێکی هەڕەمەکی و شەخسی نییە.
رێکخراوەکە هەنگاوێکی مەترسیداری خستووەتە روو کە بریتییە لە گۆڕینی لێهاتوویی تاکەکەسی بۆ زانستێکی هاوبەشی سەربازی. بە هاوکاریی راهێنەرانی داعش کە لە دەرەوە هاتوون، ئەزموونی بەکارهێنانی مۆدێلە زمانەوانییەکان دەکرێتە بەشێک لە خولە سەربازییەکان.
مۆدێلی ناوەندگەرای داعش بەرامبەر شێوازی کراوەی بۆکۆ حەرام
توێژینەوەکە بەراوردێکی سەرنجڕاکێش لە نێوان دوو باڵە لێکجیابووەکەی گرووپەکە دەکات:
ویلایەتی رۆژئاوای ئەفریقای سەر بە داعش
ئەم ویلایەتە تەواو ناوەندگەرا و سیستەماتیک کاردەکەن بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا خراوەتە ژێر چاودێریی یەکەی تایبەت و رێگە بە هەموو کەس نادرێت دەستی پێی بگات، بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی زانیارییەکان.
جەماعەتی ئەهلی سوننە – بۆکۆ حەرامی کۆن
بە تەواوی ناڕێکخراو و ناناوەندگەران، فەرماندە مەیدانییەکان دەستیان ئاوەڵایە چۆن و کەی ئامرازە دیجیتاڵییەکان بەکاربهێنن. هەرچەندە ئەمەی دووەمیان دەرفەتی تاقیکردنەوەی خێرا دەدات، بەڵام مەترسیی دزەپێکردنی زانیاری و ئاشکرابوونیانی لای دەزگا هەواڵگرییەکان زیاتر کردووە.
هۆشی سەربازی: تەکنەلۆجیا چی لەناو سەنگەردا دەکات؟
راپۆرتەکە نووسیویەتى سەردەمی بەکارهێنانی ئینتەرنێت تەنیا بۆ بڵاوکردنەوەی بەیاننامە کۆتایی هاتووە، بەپێی شایەتحاڵییەکان، ژیریی دەستکرد ئێستا دەستبارێکی بڕیاردانی مەیدانییە بۆ :
داڕشتنی پلان و بەراوردکاری، پوختەکردنی داتا، رێکخستنی جوڵەی مەیدانی، و پێداچوونەوە بە شکستەکانی رابردوو بۆ ئەوەی دووبارە نەبنەوە، دۆزینەوەی بەدیلی تەکنیکی بۆ پڕچەککردن و چاککردنەوەی کەرەستە سەربازییەکان لە ناوچە دابڕاوەکاندا، لە هەمان کاتدا کەمکردنەوەی بەربەستی مەعریفی یەکێکی ترە لە هەنگاوەکان و چیتر چەکدارێک پێویستی بە ساڵانێک خوێندنی ئەندازیاری نییە، دەتوانێت لە چەند چرکەیەکدا رێنمایی گونجاو لە مۆدێلێکی زمانەوانی وەربگرێت.
بەڵام ئایا ئەمە بووەتە هۆی باڵادەستیی سەربازیی راستەقینە؟
توێژینەوەکە دەڵێت: نەخێر. تا ئێستا ئەم ئامرازانە توانای وێرانکاریی رێکخراوەکەیان بە شێوەیەکی پێوانەیی زیاد نەکردووە، بەڵکو تەنیا ئەرکە کلاسیکی و نەریتییەکانیانی خێراتر و هەرزانتر کردووە.
تەڵەی کۆدەکان: چۆن رێگرییە تەکنیکییەکان تێکدەشکێنرێن؟
کۆمپانیا گەورەکانی وەک ئۆپن ئەی ئای و گووگڵ فلتەری توندیان بۆ رێگریکردن لە بەکارهێنانی تیرۆریستی داناوە، بەڵام ئەم رێکخراوانە فێری “ئەندازیاریی رێنمایی” (Prompt Engineering) بوون. چەکدارەکان پرسیارە مەترسیدارەکانیان لەناو قالبی ئاسایی، وەک رێکخستنی زانیاری، لۆجستی یان تێکستی بێ زیان دەشارنەوە تا فلتەرەکان هەستی پێ نەکەن.
ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ جیهان:
چوون شەڕی داهاتوو لەگەڵ تیرۆر تەنیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێرشی زەمینی ناکرێت، بەڵکو لەناو ئەو ئەلگۆریتم و رێنماییە ژیرانەدایە کە نازانرێت کەی و لە کوێ دەبنە نەخشەی هێرشێکی چەکداری.