
رەوتی هەڵوێست رایدەگەیەنێت، دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەماندا تێدەپەڕێت، بەڵام هیچ هەنگاوێکی کرداری نەنراوە “بۆیە هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمان و ناساندنی فەرمیی حکومەت وەک حکومەتێکی کاربەڕێکەر، بە باشترین بژاردە دەبینین”.
ئەمڕۆ سێشەممە 20ی ئۆکتۆبەری 2026، رەوتی هەڵوێست راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و باس لەوە دەکات، کە دوو ساڵە پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردراوە کەچی تا ئێستا هەنگاوی کرداری نەنراوە جگە لە سوێندخواردن و بڕینەوەی مووچە بۆ پەرلەمانتاران، هەر بۆیە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بە باشترین بژاردە دەزانێت.
باسی لەوەش کردووە، سکاڵای یاساییان لە دادگای باڵای فیدڕاڵی تۆمار کردووە، و رۆژی 26ی تشرینی یەکەم دادبینیی هەردوو دۆسیەکەیە.
دەقی راگەیەندراوەکەی رەوتی هەڵوێست:
دوو ساڵ پێش ئێستا، ڕەوتی هەڵوێست بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد.
دوو ساڵ بەسەر ئەو دەنگدانەدا تێدەپەڕێت، و جگە لە سوێندخواردن و بڕینەوەی مووچە بۆ پەرلەمانتاران، هیچ هەنگاوێکی کرداری نەنراوە. هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار، هەروەک چۆن هۆکاری هەموو نەهامەتی و ماڵوێرانییەکی کوردستانن، بە هەمان شێوە هۆکاری ئەم دۆخەی ئێستان.
لە ئێستادا پەرلەمانیان بە بارمتە گرتووە و حکومەتیش شەرعییەتی نەماوە.
ئێمە وەکو ڕەوتی هەڵوێست، هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمان و ناساندنی فەرمیی حکومەت وەک حکومەتێکی کاربەڕێکەر، بە باشترین بژاردە دەبینین.
بۆ ئەم مەبەستەش سکاڵای یاساییمان لە دادگای باڵای فیدڕاڵی تۆمار کردووە، و ڕۆژی ٢٦ی تشرینی یەکەم دادبینیی هەردوو دۆسیەکەیە.
وەکو ڕەوتی هەڵوێست، هەرگیز سیاسەت و دەنگی دەنگدەر ناکەین بە ئامرازێک بۆ مامەڵە و دەستکەوتی کەسی. لای ئێمە، دەنگی خەڵک ئامرازێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاری.
پەرلەمانێک کە دوو ساڵ بێت هەڵبژێردرابێت و حکومەتێکی لێ دروست نەبووبێت، نیشانەی قەیرانێکی سیاسیی قووڵ و بێباکیی بەرپرسانی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارە بەرامبەر دەنگدەرانی خۆیان و پرۆسەی دیموکراسی.
عەلی حەمە ساڵح
بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست