ئێران دەڵێت لەگەڵ عێراق رێککەوتین بۆ دەرکردن یان رادەستکردنی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان

محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق، رایگەیاندووە تاران و بەغدا لەسەر دەرکردنی ئەندامانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، یان رادەستکردنەوەیان بە ئێران رێککەوتوون. بەڵام راگەیەندراوی لایەنی عێراقی سەبارەت بە کۆبوونەوەکە، هیچ ئاماژەیەکی بەمجۆرە رێککەوتنە نەکردووە.

ئال سادق لە پۆستێکدا لە سەکۆی ئێکس، وتوویەتی ئەو رێککەوتنە لە چوارچێوەی هاوکاریی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات و لە کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی ئەمنی، بە ئامادەبوونی شاندی ئێران و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کراوە.

کۆبوونەوەکە دوێنێ دووشەممە، 19ی ئۆکتۆبەر، لە بەغدا بە سەرۆکایەتیی قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بەڕێوەچووە. شاندێکی باڵای ئێرانی و نوێنەرانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەشدار بوون.

بەپێی راگەیەندراوی راوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانی، کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی بەندەکانی رێککەوتنی ئەمنی، چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان بەغدا، هەولێر و تاران بووە.

راگەیەندراوە عێراقییەکە تەنها باسی گەیشتن بە چارەسەری کرداری بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەکات و ئاماژە بە دەرکردن یان رادەستکردن ناکات.

پێشینەی ئەم گفتوگۆیانە دەگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی ئەمنیی 19ی ئازاری 2023ی نێوان عێراق و ئێران. بەپێی روونکردنەوەی پێشووی راوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەو رێککەوتنە پەیوەندی بە ئاسایشی سنوور و رێکارەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران لە هەرێمەوە هەیە.